بە دڵنیاییەوە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی فەرمانبەران دەكرێت

سەفین دزەیی

K24 - ھەولێر:

گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان دەكرێت.

لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی ھەڤپەیڤینی (كوردستان24) سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، باسی لە ھۆكارەكانی دروستبوونی ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییە كرد و رایگەیاند: "بارودۆخی عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی بارودۆخێكی قەیران ئامێزە، ھەرێمی كوردستانیش كە بەشێكە لە عێراقی فیدڕاڵ بێبەش نەبووە لە قەیرانەكان، بەشێكیان بە بڕیاری سیاسیی تاكڕەوانەی ساڵی 2014 كە بەڕێز مالیكیی کە ئەوكات سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، بودجەی ھەرێمی كوردستانی بەبێ ھیچ پاساوێك بڕیی ئەمەش وایكرد ھەرێمی كوردستان لە رووی دارایی و ئابوورییەوە بكەوێتە بارودۆخێكی نا ئاسایی و بارگرانییەكی زۆر".

سەفین دزەیی، گوتیشی: "ھەر چۆن بێت توانیمان ساڵی 2014 بە شێوەیەك لە شێوەكان بەڕێبكەین، بەڵام قەیرانی دیكە ھات ئەویش ھاتنی داعش بوو، ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە بە درێژایی 1050 كیلۆمەتر لە رووبەرووبونەوەدایە دژی ئەو ھێزە تیرۆریستە، ئەمەش وایكرد قەیرانەكە زیاتر قوڵ بكاتەوە، چ لە رووی بەرەنگاربوونەوەیان چ لە رووی پێداویستییەكان، لە ھەمانكات لە رووی كاریگەریی دەروونیەوە كە تا ئێستا 1400 شەھید و زیاتر لە 8 ھەزار بریندارمان ھەیە، جگە لەوە ھاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە شارەكانی دیكەی عێراق روویان لە ھەرێمی كوردستان كرد كە ژمارەیان یەك ملیۆن و 800 ھەزار كەسە".

گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ھۆكارێكی دیكەی دروستبوونی قەیرانی دارایی و ئابووریی كرد و گوتی: "یەكێكی دیكە لەو شۆكەی ھاتە پێشمان دابەزینی نرخی نەوت بوو لە بازارەكانی جیھان، ھەموومان دەزانین داھاتی عێراق 96% پەیوەستە بە داھاتی نەوت، ھەرێمی كوردستانیش بە ھەمان شێوە داھاتەكەی پەیوەستە بەو بودجەی كە لە عێراقەوە بۆی داھات دواتر بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەوتی دەفرۆشت، ئەمانە ھەمووی كۆبكەیتەوە بۆ ھەرێمێك لە ناو وڵاتێكی قەیران ئامێزی وەك عێراق، بێگومان دووچاری گرفت دەبێت و گرفتەكانیش ئاسان نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەسەرەتاوە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە ھەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لانی كەم بتوانێت نەھامەتیی ئەو بارگرانییەی لەسەر شانی ھاووڵاتیان و مووچەخۆران ھەیە كەمی بكاتەوە".

لە بارەی نەبوونی پلانی درێژخایەن و بەرنامەی حكوومەت بۆ رووبەڕووبونەوەی ھەر ئەگەرێك لە ماوەی رابردوو سەفین دزەیی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "پلان پێویستە ھەبێت بەڵام تەنھا پلان لەسەر كاغەز بەس نییە، دەبێ ئیمكانییەت و میكامیزمیش ھەبێت، ئەوەی كە لە ھەرێمی كوردستان ھەبووە لە ماوەی رابردوو لە ساڵی 2003 بەو لاوە، ئەو داھاتە بوو كە وەك بودجە لە لایەن بەغداوە دەھات، ئەوەشیان زیاتر سلفە بوو نەك بودجە، چونكە لە بەغدا خۆیان دیاریان دەكرد چەند و جۆرەكانی خەرجی چەند بێت، بێ ئەوەی راوێژ بە پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكرێت، ھەروەھا ئەو بودجەیەی كە لە بەغداوە بۆ ھەرێمی كوردستان دەھات ساڵانە بە 36 جار دەنێردرا واتا ھەر مانگێ سێ جار دەھات، ئەوەی كە باسیش دەكرا 17% ھیچ كات ئەو رێژەیە نەبووە، ھی كاتێكیش مووچەی و خەرجی پێشمەرگەش لە بەغداوە نەدراوە، لەبەر ئەم ھۆكارانە ھەمووكات بودجەی ھەرێمی كوردستان ھەمیشە كورتھێنانی ھەبووە".

سەبارەت بە ھەنگاوەكانی چاكسازیی لە ھەرێمی كوردستان سەفین دزەیی ئەوی خستەڕوو: "چاكسازیی كاتی دەوێت چونكە پێشتر سیستمی بازاڕ ئازاد بووە، حكوومەت دەتوانێ بە ئاسانی رێنماییەكان بگۆڕێت، بەڵام بۆ گۆڕانكاریی لە بڕگە یاساییەكان كاتی دەوێت چونكە پێشتر بە یاسایەك رێكخراوە و لەم كاتەدا دەبێ پێداچوونەوەی پێدا بكرێت و لەگەڵ یەكتر بگونجێن".

لەم ھەڤپەیڤینەدا لە بارەی داواكاری ھەندێك لایەنی سیاسیی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حكوومەت، سەفین دزەیی دەڵێت: "حكوومەت لە چەند ھێزێكی سیاسیی پێكھاتووە، پێویستە ھەموومان بەرپرسیارێتی ھەڵبگرین، راكردن لە بەرپرسیارێتی و تۆمەتباركردنی لایەنێكی دیاریكراو و موزایەدەی سیاسیی باش نییە لەو بارودۆخە، چونكە ھەموومان لەناو یەك كەشتیداین پێویستە ھەر یەكە و بە قەدەرخۆمان بەرپرسیارێتی ھەڵگرین، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە لە ھەمانكاتدا جێگری پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەگەر بە تەنھاش بێت لە بەرپرسیاریی راناكات، لە ھەمانكاتدا ھێزی دیكەشمان ھەیە لەگەڵ برادەرانی یەكێتیی بەڕێز كاك قوباد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران خۆیدایتەبەر ئیشەكە و بە قەد سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران خۆی ماندوو دەكات و بەرسیاریی ھەڵدەگرێت، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی دیكەش بە ھەمان شێوەبن، ھەڵوەشاندنەوەی حكوومەت لە ئارادا نییە و حكوومەت كاری خۆی دەكات و بەردەوامیش دەبێت، ئەگەر رەخنە و پێشنیاریش ھەیە بۆ پێداچوونەوە ئاساییە  ودەتوانین پێداچوونەوە بكەین".

دەربارەی پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان گوتەبێژی حكوومەت دەڵێ: "بە دلنیایەوە پێداچوونەوە دەكرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو داھاتەیە كە دێتە دەستمان، چونكە حكوومەت لەسەر ئەوە رێككەوتووە بە پێی داھاتی مانگانە مووچە دابەش بكات، بێگومان بەپێی داھات مانگانە پێداچوونەوە بە لیستی مووچە دەكرێت".

تەواوی دیمانەكە بە ڤیدیۆ ببینە..

داڕشتنەوە: ھەڤاڵ مەلا