داهاتی نەوتی عێراق مانگی رابردوو گەیشتە زیاتر لە 2 ملیار دۆلار
"عێراق مانگی رابردوو 93 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە"

24- هەولێر
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کە مانگی رابردوو زیاتر لە 93 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە و داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتووەتە 2 ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکیی.
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "تێکرای نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی رابردوو گەیشتە 93 ملیۆن و 536 هەزار بەرمیل نەوت و داهاتی ئەو نەوتەش زیاتر لە 2 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە".
عاسم جیهاد گوتیشی: "تێکراوی نەوتی هەناردە کراو لە بەندەرەکانی باشووری عێراقەوە لە مانگی رابردوو گەیشتە 93 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت"، بەبێ ئەوەی سەرچاوەی 336 هەزار بەرمیلەکەی دیکەی نەوت دیاری بکات کە چاودێران دەڵێن نەوتی هەناردەکراوی کەرکووکە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق: "رێژەی نێوەندیی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رۆژێکدا لە مانگی شوباتی رابردوو بە رێگەی کۆمپانیای نیشتمانیی کە بریتییە لە کۆمپانیای نەوتی باشوور و کۆمپانیای نەوتی میسان و کۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست گەیشتە 3 ملیۆن و 225 هەزار بەرمیل نەوت و هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتە بە زیاتر لە 23 دۆلاری فرۆشراوە".
ئەمە لە کاتێکدایە لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی رابردووەوە بەهۆی تەقینەوەی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و کەرکووک وەستاوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی وەزارەتی دارایی عێراق، حکوومەتی عێراق مانگانە پێویستی بە نزیکەی 3.5 ملیار دۆلار هەیە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینکراوان لە عێراق.
ئا: م ، ح