کێن ئەوانەی هێشتا نەوتی داعش دەکڕن؟
"داعش بەمنزیکانە مایەپووچبوونی خۆی راناگەیەنێ"
K24- هەولێر
چەند شرۆڤەکارێکی دەزگایەکی نێودەوڵەتیی توێژینەوە دەڵێن حکوومەتی سووریا هێشتا نەوت لە رێکخراوی داعش دەکڕێ و رۆژانە نزیکەی 20 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەو گرووپە دەکڕێ.
یەزید ئەلسایغ، شرۆڤەکار لە دەزگای کارێنج ئەندۆمێنت بۆ توێژینەوەکانی ئاشتیی لە جیهان بە تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکای راگەیاند: "رژێمی سووریا رۆژانە نزیکەی 20 هەزار بەرمیل نەوت لە (داعش) دەکڕێ و رێکخراوەکە بەمنزیکانە مایەپووچبوونی خۆی راناگەیەنێ".
یەزید ئەلسایغ دەشڵێ: "کۆنتڕۆڵکردنی شاری تەدمور لە لایەن داعشەوە لە پاڵ دوو کێڵگەی گاز و ویستگەی هەناردەکردن کە بە T3 ناسراوە، وای لە رژێمی سووریا کرد دانووستان لەگەڵ (داعش) ئەنجامبدات لە پێناو بەردەوامبوونی دابینکردنی گاز لە کێڵگەکانی رۆژهەڵاتی (سووریا) بۆ ویستگەکانی بەرهەمهێنانی وزە کە هی رژێمی سووریان، ئەمەش بەرامبەر پێدانی پارەیە یان بەردەوام دابینکردنی کارەبایە بۆ ناوچەکانی (ژێر دەسەڵاتی داعش)".
هاوکات ئادەم سزبین، جێگری وەزیری دارایی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگریی سەرچاوە داراییەکان دەڵێ: "هەردوولا (داعش و رژێمی سووریا) هەندێک جار هەوڵی کوشتنی یەکدی دەدەن لە کاتێکدا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بە ملیۆنەها دۆلار لە نێوانیاندا هەیە".
ئەمە لە کاتێکدایە چەکدارانی داعش نزیکەی 50%ی روبەری خاکی سووریایان لە بندەستدایە بە چەند کێڵگەیەکی نەوت و گاز کە داعش بە درێژایی چەند ساڵی رابردوو نەوت و گازی لێ بەرهەمدەهێنان و بە گوتەی رووسیا بە رێگەی "تورکیاوە دەیفرۆشت".
ئا: ئا ، ف