ساڵح موسلیم: ھیچ بانگھێشتنامەیەكی دانووستانەكانی جنێڤمان بەدەست نەگەیشتووە
"پێویستە ئەو دانووستانانە تەنیا پەیوەندی بە سوورییەکان خۆیانەوە ھەبێت و لایەنی دیکە دەستێوەردانی تێدا نەکەن"
K24 - ھەولێر:
ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) رایگەیاند، تا ئێستا ھیچ بانگێشتنامەیەکیان بۆ نەھاتووە، سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە گەڕێکی نوێی دانووستانەکانی جنێڤ کە لەنێوان رژێمی سووریا و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەدەچیت.
لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی رووسی (سپۆتنیک)، ساڵح موسلیم رایگەیاند، پێویستە ئەو دانووستانانە تەنیا پەیوەندی بە سوورییەکان خۆیانەوە ھەبێت و لایەنی دیکە دەستێوەردانی تێدا نەکەن، بەڵام ئاشکراشی کردووە کە تا ئێستا بانگێشتنامەیان بەدەست نەگەیشتووە بۆ ئەوەی بەشداری لەو دانووستانانە بکەن.
ھاوكات ساڵح موسلیم رایگەیاندووە، کە ئەوان وەکو نوێنەرانی کورد، تەنیا جنێڤ شک دەبەن بۆ گەیاندنی بۆچوونی خۆیان و ھیچ وێستگەیەکی دیکە نابینن، تا رای خۆیان بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
ھەفتەی رابردوو ستافان دی مستۆرا، نوێنەری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، بڕیارە دانووستانەکانی جنێڤ لەنێوان 14 بۆ 24 ی ئەم مانگە دەست پێ بکەنەوە .
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە 10 ئەم مانگە رایگەیاند، گرنگە کورد بەشدار بێت لە دانووستان و گفتوگۆگانی جنێڤ.
داڕشتنەوە: ش ، م