وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: وەزیری جەنگی داعش گیانی لەدەستدا

"رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە پێشڕەوییەکانی داعش لە عێراق و سووریا"

K24-هەولێر

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند فەرماندەی باڵای رێکخراوی داعش، ئەبو عومەر چیچانی بەهۆی برینداربوونی لە هێرشێکی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە باکووری سووریا، گیانی لەدەستدا.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، جیف دیفێس راشیگەیاند: "پێمانوایە بەهۆی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە".

ئەمە لە کاتێکدایە بەڕێوەبەری روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، رامی عەبدولرەحمان، دوێنێ رایگەیاند: "چیچانی بەسەختی برینداربووە، بەڵام نەمردووە و دواتر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە دەوروبەری شاری رەققە لە سووریا و رێکخراوەکە (داعش) پزیشکێکی بیانیی پسپۆر لە نەشتەرگەریی دەمارەکانی خوێنی هێناوە بۆ چارەسەرکردنی".

رامی عەبدولرەحمان گوتیشی: "چیچانی چەند رۆژێکە لە رووی کلینیکییەوە مردووە (بووراوەتەوە و هیچ جووڵەی نەماوە) و ئێستا ناتوانێ بەبێ ئامێری هەناسەدان هەناسە بدات".

چەند بەرپرسێکی ئەمریکا لە رێکەوتی 9/3/2016 رایانگەیاند: ئەگەر هەیە ئەبو عومەر چیچانی، وەزیری جەنگ لە نێو رێکخراوی داعش و سەرکردەی هەرە باڵای نێو رێکخراوەکە شەوی رابردوو لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە سووریا کوژرابێ.

ئەبو عومەر چیچانی یەکێکە لە دیارترین سەرکردە باڵاکانی داعش، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەڵاتێکی دیار کردووە دەگاتە 5 ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەسێک زانیاریی لەبارەیەوە دەدات و دەبێتە هۆی لەناوبردنی.

ئەبو عومەر چیچانی لە دایکبووی 1986 لە وڵاتی جۆرجیا کە ئەوکات بەشێک بوو لە یەکێتی سۆڤێت. ئەبو عومەر چیچانی ناسراوە بەوەی راوێژکاری سەربازیی نزیکی خەلیفەکەی داعشە، ئەبو بەکر بەغدادی، کە لایەنگرانی دەڵێن زۆر پشت بە چیچانییەوە دەبەستێ.

بەرپرسە ئەمریکییەکان دەڵێن: هێرشە ئاسمانییەکە چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامیاندا و ئەبو عومەر چیچانیان لە نزیکی شاری شەدادییە لە سووریا کردە ئامانج.

هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پیتەر کوک گوتی: چیچانی نێردراوە بۆ شەدادییە بۆ پاڵپشتیکردنی چەکدارانی داعش، دوای ئەوەی دووچاری چەند شکستێک بوونەوە لەسەر دەستی ئەو هێزە هاوپەیمانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتییان دەکات و مانگی رابردوو شاری شەدادییەیان لە بندەستی داعش دەرکرد.

پیتەر کوک گوتیشی: "چیچانی هاووڵاتییەکی جۆرجیی بوو و نیشتەجێی سووریایە و چەند پۆستێکی سەربازیی باڵای لە نێو دەوڵەتی ئیسلامیی هەبووە وەک وەزیری جەنگ".

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەشی کرد کە: "کوژرانی چیچانی دەبێتە هۆی لاوازبوونی تواناکانی (داعش) بۆ هەماهەنگیکردن بۆ رێکخستنی هێرشەکان و بەرگرییکردن لە پێگەکانیان".

ئەوەشی خستەڕوو کە: کوژرانی چیچانی "زیان بە دەوڵەتی ئیسلامیی دەگەیەنێ لە رووی رێکخستنی چەکدارانی بیانی زیاتر لە ریزەکانی خۆی بەتایبەت لە چیچان و ناوچەی قەوقازەوە".

هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ رایگەیاند: "بەپێی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی چیچانی لەگەڵ 12 چەکداری دەوڵەتی ئیسلامیی کوژراون".

ئەبو عومەر چیچانی کە ناوی راستەقینەی (تەرخان تەیموورازۆفیچ باتێرشفیلی)ە و وەک یاخوبوویەک لە هەڵمەتە سەربازییەکان لە چیچان بەشدار بووە و دواتر لە ساڵی 2006 چووەتە نێو ریزەکانی سوپای جۆرجیا و لە دژی هێزەکانی رووسیا جەنگاوە و پێش دوو ساڵ بەهۆی تەندروستییەوە لە خزمەتی سەربازیی نەماوە.

ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا چەند جارێک هەواڵی کوژرانی ئەبو عومەر چیچانی بڵاوبووەتەوە بەڵام ئەو هەواڵانە دواتر بە درۆ خراونەتەوە.

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف