ئەمریکا دان بە فیدڕاڵیی کورد لە رۆژئاوا نانێ

K24-هەولێر

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند دان بە ناوچەیەکی یەکگرتوو و دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی نانێ، کە کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە نیازە رایبگەیەنێ.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارک تۆنەر بە رۆژنامەنووسانی راشیگەیاند: "ئێمە زۆر راشکاو بووین لەبارەی ئەوەی کە دان بە ناوچەی ئۆتۆنۆمیی لە سووریا نانێین". گوتیشی: "ئەمە پرسێکە پێویستە تاوتوێ بکرێت و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە جنێڤ پێی قایل بن و دواتر خودی گەلی سووریا پێی قایل بێ".

ئەمە لە کاتێکدایە لە رێکەوتی 14/3/2016 وە گەڕی سێیەمی دانووستانەکانی ئاشتیی لە نێوان حکوومەتی سووریا و بەرهەڵستکارانی لە جنێڤ لە سویسرا، بەبێ بەشداریکردنی کورد، دەستیپێکردووە.

دوێنێش زیاتر لە 150 نوێنەری حزبە کوردییەکان لە رۆژئاوا لە شاری رمێلان لە پارێزگای حەسەکە کۆبوونەوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ درێژە بەو کۆبوونەوەیە بدرێ بۆ تاوتوێکردنی راگەیاندنی سیستمی فیدڕاڵیی لە رۆژئاوای کوردستان.

مارک تۆنەر، کە وڵاتەکەی لە رووی زەربازییەوە پاڵپشتیی کورد دەکات لە رۆژئاوای کوردستان لە دژی گرووپەکانی داعش و بەرەی نوسرە و گرووپە جیهادییەکانی دیکە لە سووریا، ئاماژەشی کرد کە: وڵاتەکەی "بە دابەشبوونی سووریا قایل نابێ و هەر نموونەیەکی فیدڕاڵیی دەبێ پشت بە دانووستانەکانی جنێڤ ببەستێ".

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، سەرەرای ناکۆکییە گەورەکانی نێوان شاندی حکوومەتی سووریا و شاندی بەرهەڵستکارانی ئەو حکوومەتە، هەردوولا کۆکن لەسەر رەتکردنەوەی بە فیدڕاڵیکردنی سووریا.

هاوکات تورکیا دژی راگەیاندنی ناوچەی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمییە لە سەر سنووری لە ترسی ئەوەی نەک ئەو پێشهاتە هانی کوردانی باکوور بدات بۆ ئەوەی هەوڵی هەنگاوی هاوشێوە بدەن.

هەر لەم بارەوە بەرپرسێک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند کە: وڵاتەکەی پاڵپشتیی یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و هەر هەنگاوێکی تاک لایەنانە وەک راگەیاندنی یەکێتییەک "پوچەڵە".

بەپێی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە روژئاوای کوردستان (پەیەدە) و چەند رێکخراوێک و لایەنێکی نێودەوڵەتیی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکاتە نزیکەی 10% روبەری سووریا و ئێستا بریتین لە کانتۆنەکانی (جزیرە، کۆبانێ، عەفرین).

هەروەها نوێنەری دەسەڵاتی خۆسەریی کورد لە رۆژئاوا لە مۆسکۆ، رودی عوسمان، دوێنێ، رایگەیاند: "ئێمە پێمانوایە سیستمێکی فیدڕاڵیی رێگەیەکە بۆ چارەکردن و کۆبوونەوەکان بەردەوامن ئێستا لە مێلان بۆ تاوتوێکردنی شێوازی رێبەریی لە رۆژئاوا و باکووری سووریا".

سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف