ئەمریكا: سەربەخۆبوونی كورد لە سووریا پەیوەندی بە ئێمەوە نییە
"دوا بڕیاری سەربەخۆییبوونی کورد لە باکووری سووریا، دەگەڕێتەوە بۆ سوورییەکان خۆیان"
K24 – ھەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە بڕیاری سەربەخۆبوونیی کورد لە سووریا، پەیوەندی بە سوورییەکان خۆیانەوە ھەیە و واشنتن پەیوەندی بەو بڕیارەوە نییە.
لەراگەیاندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە وەڵامی تۆڕی نیوزی برێت باڕتی ئەمریکی داوەتەوە، تیایدا دەڵێت: دوا بڕیاری سەربەخۆییبوونی کورد لە باکووری سووریا، دەگەڕێتەوە بۆ سوورییەکان خۆیان و ھەروەھا ئاشکراشی کردووە کە واشنتن ھەرێمێکی فیدڕاڵی کوردی لە سووریا رەتدەکاتەوە، بەڵام چارەنووسی وڵاتەکە بەدەست سوورییەکان خۆیانە.
لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندووە: "ئەمریکا دان بە ھیچ ھەرێمێکی ئۆتۆنۆمیدا نەناوە و ناشنێت و واشنتن پابەندە بە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی سووریا".
ئەو لێدوانانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە ھەفتەی رابردوو پارتی یەكێتی دیموكرات(پەیەدە) فیدڕاڵیەتی لە رۆژئاوای کوردستان و باكووری سووریاراگەیاند.
سەرەڕای ئەوەی ناكۆكیی گهوره له نێوان حكوومهت و ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا ههیه، بەڵام ھەردوو لایەن لەسەر رەتكردنەوەی سیستەمی فیدڕاڵی لە سووریا ھاوڕان.