رووسیا: تورکیا رێگریی لە کورد دەکات لە شەڕی دژی داعش
"تورکیا بە بیانووی تیرۆر کورد دەچەوسێنێتەوە"
K24-هەولێر
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگێ لاڤرۆڤ رایگەیاند تورکیا رێگریی لە شەرڤانانی کورد دەکات لە شەڕی دژی داعش لە سووریا و تورکیا بە بیانووی تیرۆر کورد دەچەوسێنێتەوە.
سێرگێ لاڤرۆڤ، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێکدا رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند: "ئەنقەرە رێگریی لە شەرڤانانی کورد دەکات لە شەڕی دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی و دروشمی جەنگی دژی تیرۆریش بەکاردەهێنێ بۆ چەوساندنەوەی کورد لە سووریا و تورکیا".
سێرگێ لاڤرۆڤ گوتیشی: "لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتە سەربازییەکانی رووسیا لە سووریا بەزاندنی سنووری نێوان تورکیا و سووریا بە شێوەیەکی نایاسایی زۆر کەمبووەتەوە و پێویستە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کە داوای راگرتنی بازرگانیکردن دەکات بە شوێنەوار و نەوت لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیی و داوای رێگریکردن دەکات لە پەڕینەوەی تیرۆریستان لە تورکیاوە بۆ سووریا، پێویستە جێبەجێ بکرێت".
وەزیری دەرەوەی رووسیا کە لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی لێدوانی دا، ئاماژەشی کرد کە: "رووسیا و ئەڵمانیا کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستیی دانووستانەکانی ئاشتیی لەبارەی سووریاوە لە جنێڤ هەموو لایەنەکان بگرێتەوە".
وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتیشی: "مانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەڵمانیا بۆ رووسیا پرسێکی لەپێشە".
سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف