فڕۆکەخانەی برۆکسل ئەمڕۆ و سبەی بە "داخراویی" دەمێنێتەوە

K24-هەولێر

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی برۆکسل، ئارنۆ فیست رایگەیاند کە فڕۆکەخانەی برۆکسل سبەی بە داخراویی دەمێنێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە فڕۆکەخانەکە بەهۆی ئەو دوو خۆکوژەی کە دوێنێ کردییانە ئامانج و بوونە هۆی کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی دەیانی دیکە، لە دوێنێوە بە رووی گەشتە ئاسمانییەکان داخراوە.

پێشتریش دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی بەلجیکا رایگەیاند پۆلیسی بەلجیکا بەدوای کەسێک بە ناوی نەجم ئەلشەعراوی دەگەڕێ کە گومان دەکرێت هاوکاریی هەردوو ئەنجامدەری تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی برۆکسلی کردبێ و هەڵاتووە.

دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی بەلجیکا لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنییەوە راشیگەیاند: "نەجم ئەلشەعراوی تەمەنی 25 ساڵە و پۆلیسی بەلجیکا دی ئێن ئەی لە چەند ماڵێک دۆزیوەتەوە کە ئەنجامدەرانی هێرشکەرەکانی پاریس بەکاریان هێناون.

سەرچاوە ئەمنییەکانی بەلجیکا دەشڵێن: ئەلعەشراوی لە مانگی نۆی ساڵی رابردوو لەگەڵ سەڵاح عەبدولسەلام گومانلێکراوی سەرەکیی لە هێرشەکانی پاریس گەشتی بۆ هەنگاریا ئەنجامداوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کامیرەکانی چاودێریی لە فڕۆکەخانەی برۆکسل وێنەی سێ کەسیان تۆمار کردووە کە بەپێی لێکۆڵەران دووانیان ئەنجامدەرانی تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی برۆکسلن و ئەوەی دیکەیان نەجم ئەلشەعراوییە.

دوێنێ دوو تەقینەوەی خۆکۆژیی فڕۆکەخانە شاری برکۆسل پایتەختی بەلجیکا کردە ئامانج و دواتر تەقینەوەیەکی دیکە هێڵی میترۆی لە شارەکە کردە ئامانج، هاوکات رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان راگەیاند.

ئەم رووداوانە دوای چوار رۆژ لە دەستگیرکردنی سەڵاح عەبدولسەلام لە بەلجیکا روویان دا کە گومان دەکرێت یەکێک بێ لە رێکخەرانی هێرشەکانی پاریس لە مانگی یازدەی ساڵی 2015.

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف