سووریا: لە دەورووبەری عەزاز شەڕو پێکدادان بەردەوامە
لە نزیک گوندەکانی خەلفەتی و عزەتییەی سەربە شارۆچکەی عەزاز پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی رێکخراوی داعش و سوپای سووریای ئازاد بەردەوامە
K24- ھەولێر:
پێکدادان لە نێوان چەکدارانی رێکخراوی داعش و سوپای سووریای ئازاد لە دەورووبەری شارۆچکەی عەزاز سەربە پارێزگای حەلەب باکووری سووریا درێژەی هەیە.
بە گوێرەی زانیارییەكان، لە نزیک گوندەکانی خەلفەتی و عزەتییەی سەربە شارۆچکەی عەزاز پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی رێکخراوی داعش و سوپای سووریای ئازاد بەردەوامە و دەنگی شەڕو پێکدادانەکان و دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان لە هێڵی سنووریی شاری کلیسی توركیاوە دەبیسترێت و لە ناوچەی پێکدادانەکان جارجار دووکەڵ بەرز دەبێتەوە هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە بۆردومانکردنی پێگەکانی داعش و لەلایەکی دیکەوە رێوشوێنی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەسەر سنوور درێژەی هەیە.
رێكخراوی داعش لە ساڵی 2013 لە سووریا دروستبووە، توانی دەست بەسەر چەند ناوچەیەك لە سووریا دابگرێت، لە ساڵی 2014 ھێرشیكردە سەر عێراق، بەسەر چەن ناوچەیەكی عێراق داگرت و تا ئێستا چەكدادارنی داعش بەشێك لەو ناوچانەی لە عێراق و سووریا دەستیان بەسەر داگرتووە، لە ژێر كۆنتڕۆڵیان دا ماوە.