ئه‌مڕۆ هیچ كۆچبه‌رێك نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ یۆنان

"سه‌دان هه‌زار كۆچبه‌ر له‌ لیبیا" چاوه‌ڕێن بپه‌ڕنه‌وه‌ ئه‌وروپا

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ یۆنان رایگه‌یاند له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا هاتنی هیچ كۆچبه‌رێكی له‌ رێی ده‌ریای ئیجه‌وه‌ بۆ دوورگه‌كانی تۆمارنه‌كردووه‌.

له‌ دوای رێككه‌وتنی توركیا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ رۆژی هه‌ینی رابردووه‌وه‌، یه‌كه‌م رۆژه‌ یۆنان نه‌ هاتنی كۆچبه‌ران به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.

لای خۆیه‌وه‌ لیژنه‌ی باڵا كه‌ هه‌ماهه‌نگیی پلانی یۆنان ده‌كات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه‌ هۆشداریدا: "له‌وانه‌یه‌ خراپی كه‌شوهه‌وا  هۆكارێك بێت بۆ وه‌ستانی گه‌یشتنی به‌له‌می په‌نابه‌ران له‌ توركیاوه‌ بۆ یۆنان"، چونكه‌ له‌ دوێنێوه‌ زریانێك له‌ ده‌ریای ئیجه‌ی داوه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌زیری به‌رگریی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند "سه‌دان هه‌زار كۆچبه‌ر له‌ لیبیا"ن و چاوه‌ڕێن بپه‌ڕنه‌وه‌ ئه‌وروپا.

له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ ئێزگه‌ی ئه‌وروپا-1 فه‌ره‌نسی، سه‌ره‌تا ژان ئیف لۆدریان وه‌زیری به‌رگریی فه‌ره‌نسا ژماره‌ی كۆچبه‌رانی له‌ لیبیا به‌ "سه‌دان هه‌زار" خه‌مڵاند.

رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ش گوتی: "ژماره‌ی كۆچبه‌ران له‌ لیبیا ده‌گاته‌ 800 هه‌زار كه‌س"، وه‌زیری به‌رگریی فه‌ره‌نسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ ئه‌و ژماره‌یه "تا راده‌یه‌ك ورده‌ و راسته‌".

وه‌زیری به‌رگریی فه‌ره‌نسا دووپاتیكرده‌وه‌: "پێویسته‌ سووربین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ نه‌بێته‌ به‌هێزكردنی داعش له‌ رێی سه‌رچاوه‌ی دارایی زیاده‌ی دیكه‌وه‌ كه‌ ده‌ستی بكه‌وێت".

بۆیه‌ ئه‌وروپییه‌كان داوا ده‌كه‌ن په‌له‌ بكرێت له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كه‌ رێگا به‌ كه‌شتییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بدات له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆسه‌ی سۆفیا تا كه‌ناره‌ ئاوییه‌كانی لیبیا راوه‌دووی قاچاغچییه‌كان بنێت.

پڕۆسه‌ی سۆفیا كه‌ له‌ حوزه‌یرانی 2015 ده‌ستیپێكردووه‌ و 22 وڵاتی ئه‌ندام له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، تا ئێستا له‌ سنووری ئاوی نێوده‌وڵه‌تیی نه‌بێت ناتوانێت كه‌شتییه‌كانی قاچاغچییان بپشكنێت و ده‌ستیان به‌سه‌ردا بكرێت.

له‌و نێوه‌نده‌شدا مه‌ترسیی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ داخستنی رێگای توركیا-یۆنان، وا له‌ كۆچبه‌ران بكات رێڕه‌وێكی زۆر مه‌ترسیدارتر له‌ رێی ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌ به‌ره‌و ئیتاڵیا بگرنه‌ به‌ر.   

سه‌رچاوه‌: فرانس پرێس