وێنەی گومانلێکراوە هەڵاتووەکەی تەقینەوەکانی برۆکسل بڵاوکرایەوە

"هاووڵاتییەکی سووریایە"

K24-هەولێر

یەکەم وێنەی گومانلێکراوە هەڵاتووەکەی تەقینەوەکانی فڕۆکەخانە و ویستگەی میترۆی برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بڵاوکرایەوە و بەپێی زانیارییەکان هاووڵاتییەکی سووریایە.

گومانلێکراوە هەڵاتووەکە ناوی نەعیم ئەلحامیدە و هاووڵاتییەکی سووریایە و پێشتر دانیشتووی پاێزگای حەما بووە.

شرۆڤەکاری بواری تیرۆر، بۆڵ کروشانک بە تۆڕی سی ئێن ئێنی راگەیاند: "ئەم وێنەیە لە رۆژی تەقینەوەکانی برۆکسل لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی ئەوروپا بڵاوکرایەوە و سەرچاوەیەکی ئەمنیی فەرەنسیی ئاگاداری لێکۆڵینەوەکان پێی گوتین ئەمە ناوی نەعیمە و گومان دەکرێت لە هێرشەکاندا تێوەگڵابێ".

بۆڵ کروشانک گوتیشی: "ئێستا روون نییە ئاخۆ ئەلحامید گومانلێکراوی سێیەمە لە هێرشەکانی فڕۆکەخانەی برۆکسل یاخود لە هێرشەکانی ویستگەی میترۆی (برۆکسل)".

ئەمە لە کاتێکدایە لە رێکەوتی 22/3/2016 سێ خۆکوژ فڕۆکەخانە و ویستگەی میترۆی شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکایان کردە ئامانج و بوونە هۆی کوژرانی 31 کەس و برینداربوونی نزیکەی 300 کەسی دیکە.

ئا: ئا ، ف