سه‌در ناوى وه‌زيرانى كابينه‌يه‌كى پێشنيازكراوى بۆ حكومه‌ت بڵاوكرده‌وه‌

ئەمڕۆ لە ھەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا سەدر پێكھاتەی حكوومەتی نوێی تەكنۆكراتی راگەیاند لەو پێكھاتەیەی كە سەدر رایگەیاندووە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/5cfc4247-7714-448d-8164-23e5e456e635/sadr%20iraq.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

دوای ئەوەی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر مۆڵەتی یەك رۆژی دایە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق تا پێكھاتەی حكوومەتەكەی رابگەیەنێت، ئەمڕۆ لە ھەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا سەدر پێكھاتەی حكوومەتی نوێی تەكنۆكراتی راگەیاند لەو پێكھاتەیەی كە سەدر رایگەیاندووە چەند بەربژێرێكی كورد ھەن و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت ئەوانە بە كرێگیراون و نوێنەرایەتی كورد ناكەن، ھاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ عەبادی ھیچ كێشەیەكی لەگەڵ كابینەی ئێستای حكوومەت نییە تا كابینەكەی بگۆڕێت.

دوای ئەوەی سەدر مۆڵەتی تەنھا یەك ڕۆژی دایە حەیدەر عەبادی سەرۆك عێراق تا پێكھاتەی حكوومەتە تەكنۆكراتەكەی ڕابگەیەنێت ، دواجار حەیدەر عەبادی ھیچ پێكھاتەیەكی بۆ حكوومەتەكەی ئاشكرانەكرد و سەرەنجام سەدر خۆی پێكھاتەی حكوومەتی تەكنۆكراتی دایە دەست عبادی.

بە پێی زانیارییەكان ئەو كابینە نوێیە لەلایەن لیژنەی چاكسازییەكانی سەدرەوە پێشنیاز كراوە و پێكھاتووە لە چەند كەسێكی پسپۆڕ كە لەنێوانیشیاندا چەند كوردێك پاڵێوراون لەوانە

ئازاد سەلام بۆ وەزارەتی سەرچاوە ئاویيەكان و راوێژكاری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان توانا فایەق بۆ وەزارەتی بازرگانی و دادوەری پێشووی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق رزگار محەمەد ئەمین بۆ وەزارەتی داد.

ھەر بەپێی زانیارییەكان لە نێو پێكھاتە پێشنیازكراوەكەی سەدردا كوردێكی فەیلی ھەیە بەناوی عەتا نەبیل كە پاڵێوراوە بۆ پۆستی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق.

لەلایەكی دیكەوە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند كە ئەوان بە ھیچ شێوەیەك سیڤییان بۆ كابینە تەكنۆكراتەكەی عەبادی پێشكەش نەكردووە گوتیشی ھەر كوردێك لەو كابینەیەدا ھەبێت نوێنەرایەتی كورد ناكات و وەك بەكرێگیراو تەماشا دەكرێت. 

ئەم ھەنگاوەی سەدر لە كاتێكدایە كە تا ئێستا عەبادی ھۆكاری گۆڕینی كابینەكەی ئاشكرا نەكردووە و وەك پەرلەمانتارێكی كوردی عێراقیش دەڵێت عەبادی ھیچ كێشەی لەگەڵ كابینەی ئێستایدا نییە تاكو بیانوو ھەبێت بۆ گۆڕینی.

پێشتر عەبادی داوای لە لایەنەكان كردبوو كاندیدی خۆیان بۆ پۆستە وەزاریەكانی عێراق پێشكەش بكەن، بەڵام ھەریەكە لە ھێزە كوردی و ھێزە سونیەكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق رەتیان كردەوە كاندیدی خۆیان پێشكەش بە عەبادی بكەن و ھۆكارەكەشیان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی تا ئێستا نەیانزانیوە پشكیان لە و حكوومەتە چی دەبێت و پێشیانوایە عەبادی دەیەوێ خەڵك چەواشە بكات .

ماوەیەكە لەسەر داوای موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر بەر ھەزاران كەس لەبەردەم دەروازەی ناوچە سەوزی بەغدا مانیان گرتووە و داوای گۆڕینی كابینەی ئێستای حكوومەتی عێراق و پێكھێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكرات دەكەن و ڕۆژی ھەینیش سەدر مۆڵەتی یەك ڕۆژی دایە عەبادی تا حكوومەتێكی تەكنۆكرات ڕابگەیەنێت ئەمە لە كاتێكدا سەدر بە ھیچ شێوەیەك باسی لەوە نەكردووە كە ئەگەر سەدر كابینە نوێیەكەی ڕانەگەیەنێت ھەنگاوی داھاتووی چیدەبێت.