روانگەی سووریا: 400 چەکداری داعش کوژراون

"سوپای حکوومەتی سووریا شاری تەدموری لە بندەستی داعش دەرکرد"

K24-هەولێر

روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە رایگەیاند لە هێرشی سوپای حکوومەتی سووریا بۆ دەرکردنی چەکدارانی داعش لە شاری تەدمور 400 چەکداری داعش کوژران.

بەڕێوەبەری روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، رامی عەبدولرەحمان راشیگەیاند: "لە هێرشی سوپای حکوومەتی سووریا بۆ دەرکردنی چەکدارانی داعش لە شاری تەدمور (لە پارێزگای حیمس لە سووریا) 400 چەکداری داعش کوژران و لە وەتەی داعش لە ساڵی 2014 خەلافەتەکەی لە عێراق و سووریا راگەیاند ئەمە گەورەترین گورزە بریدەکەوێ".

شکستهێنانی داعش لە شاری تەدمور دوای نزیکەی سێ مانگ هات لە شکستهێنان و لەدەستهێنانی شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق.

رامی عەبدولرەحمان گوتیشی: "شەڕەکان لە تەدمور کە نزیکەی سێ هەفتە بەردەوامبوون بەڵانی کەم کوژرانی 400 چەکداری رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی لێکەوتەوە هاوکات بەلانی کەم 180 سەربازی هێزەکانی رژێم و چەکدارە لایەنگرەکانی کوژراون".

ئەمە لە کاتێکدایە ئاژانسی (سانا)ی هەواڵی فەرمیی سووریا، ئەمڕۆ یەکشەممە، رایگەیاند چەند یەکەیەکی سوپای سووریا تەواوی شاری تەدموریان لە پارێزگای حیمس لە بندەستی چەکدارانی داعش رزگار کرد.

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی سوپای سووریاوە رایگەیاند: "چەند یەکەیەکی سوپای سووریا تەواوی شاری تەدموریان لە پارێزگای حیمس لە بندەستی چەکدارانی داعش رزگار کرد دوای ئەوەی دوا گردبوونەوەی رێکخراوەکە تیرۆریستییەکەیان لەناوبرد".

بەپێی سەرچاوەکانی (سانا) سوپای سووریا دەمەو بەیانیی ئەمڕۆ تەواوی شاری تەدموری بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرد.

چەکدارانی داعش لە مانگی پێنجی ساڵی 2015 شاری تەدموریان کۆنتڕۆڵ کرد کە پێگەیەکی ستراتیجیی هەیە لە بیابانی سووریا.

ئا: ئا ، ف