حکوومەتی سووریا دەڵێ شاری تەدمورمان لە بندەستی داعش رزگار کرد
K24-هەولێر
ئاژانسی (سانا)ی هەواڵی فەرمیی سووریا، ئەمڕۆ یەکشەممە، رایگەیاند چەند یەکەیەکی سوپای سووریا تەواوی شاری تەدموریان لە پارێزگای حیمس لە بندەستی چەکدارانی داعش رزگار کرد.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی سوپای سووریاوە رایگەیاند: "چەند یەکەیەکی سوپای سووریا تەواوی شاری تەدموریان لە پارێزگای حیمس لە بندەستی چەکدارانی داعش رزگار کرد دوای ئەوەی دوا گردبوونەوەی رێکخراوەکە تیرۆریستییەکەیان لەناوبرد".
بەپێی سەرچاوەکانی (سانا) سوپای سووریا دەمەو بەیانیی ئەمڕۆ تەواوی شاری تەدموری بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرد.
هاوکات روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریا، رایگەیاند: هێزەکانی حکوومەتی سووریا شکستی بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی هێناوە".
روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتیشی: "بەڵام تاوەکوو بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دەنگی تەقە لە بەشی رۆژهەڵاتی شارەکە دەبیسترا، بەڵام چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی لە بەشی هەرە زۆری شارەکە بەرەو رۆژهەڵات کشاوەتەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە چەکدارانی داعش لە مانگی پێنجی ساڵی 2015 شاری تەدموریان کۆنتڕۆڵ کرد کە پێگەیەکی ستراتیجیی هەیە لە بیابانی سووریا.
ئا: ئا ، ف