ساڵح موسلیم: توركیا رێگرە لە بەشداری پێكردنی كورد لە دانووستانەكانی جنێڤ

"ئەو وڵاتە رۆژئاوایانەی دژی بەشداریپێکردنی نوێنەرانی کوردن لە کۆبوونەوەکانی جنێڤ کە لەنێوان رژێمی سووریا و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچن، لەژێر فشاری تورکیا ئەو کارە دەکەن"

K24 – ھەولێر:

ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆکی پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" دەڵێت، تورکیا رێگرە لە بەشداریکردنی کورد لە دانووستانەکانی جنێڤ.

ساڵح موسلیم، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیکی رووسی رایگەیاندووە، ئەو وڵاتە رۆژئاوایانەی دژی بەشداریپێکردنی نوێنەرانی کوردن لە کۆبوونەوەکانی جنێڤ کە لەنێوان رژێمی سووریا و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچن، لەژێر فشاری تورکیا ئەو کارە دەکەن.

ھاوكات ھاوسەرۆکی پەیەدە، ستایشی پێشنیازەکەی بەرپرسانی رووسیای کرد بۆ ھەوڵدان تاوەکو نوێنەرانی کورد لەو کۆبوونەوانە بەشدار بن و گوتیشی ئەو کۆبوونەوانەش بێ بەشداری کورد ھیچ ئەنجامێکی نابێت.

ئەو قسانەی ساڵح موسلیم لەکاتێکدایە کە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاشکرای کرد کە ھەریەك لە وڵاتانی فەرەنسا و بەریتانیا لەدژی بەشداریکردنی کوردن لە دانووستانەکانی جنێڤ.

بڕیارە گەڕی سێیەمی دانووستاندنەكانی جنێف 3، بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی سووریا لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا، لە 11ی ئەم مانگەدا دەست پێ بكرێنەوە، بەڵام تا ئێستا دیارنیە كورد بە جیا بەشداری پێدەكرێت یا لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا.