پەرلەمان ئەمڕۆ بڕیار لەسەر کاندیدەکانی عەبادیی دەدات
"33 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق"
K24-هەولێر
چاوەروان دەکرێ سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی ئەمڕۆ سێشەممە لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەشدار بێ کە بڕیارە تێیدا دەنگ لەسەر کاندیدانی کابینە نوێیەکەی حکوومەتی عێراق بدرێ.
هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەلیم جبوریی لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد ناوی کاندیدی دیکە پێشکەش بکات بۆ وەرگرتنی وەزارەتەکان جیا لەو کاندیدانەی کە ناویان پێشکەش کراوە بۆ وەرگرتنی وەزارەتەکان بە وەکالەت.
سەلیم جبوریی هاوکات رایگەیاند کە "پێویستە عەبادیی دەست لە کارکێشانەوەی وەزیرانی پێشوو یاخود نووسراوی لە کار لابردنیان پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) بکات پێش دەنگدان لەسەر کاندیدانی کابینە نوێیەکە".
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکراشی کرد کە زانیاریی کەسایەتی کاندیدەکانی عەبادیی گەیشتوونەتە پەرلەمان و گوتی 33 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، چونکە "شکستیان هێناوە" لە بەدیهێنانی داواکارییەکانی گەلی عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشتر رایگەیاند کە لەگەڵ گەیشتنی زانیاریی لەبارەی کەسایەتی کاندیدەکانی کابینە نوێیەکەی حکوومەت پەرلەمان ناوی ئەو کاندیدانە دەخاتە دەنگدانەوە.
پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق ناوی کاندیدانی بۆ 16 وەزارەتی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پێشکەشی پەرلەمان کرد و چاوەڕوان دەکرێت حکوومەتە نوێیەکە تکنۆکرات بێ واتا وەزیرانی پسپۆر و شارەزا و بێ لایەن لەخۆبگرێت.
ئا: ئا ، ف