گرووپی حەوت لە ئێران نیگەرانن
حەوت وڵاتی پیشەسازیی جیهان و یەکێتیی ئەوروپا داوا لە ئێران دەکەن پابەندی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان لە بواری مافی مرۆڤ بێت
K24 – ههولێر:
حەوت وڵاتی پیشەسازیی جیهان و یەکێتیی ئەوروپا داوا لە ئێران دەکەن پابەندی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان لە بواری مافی مرۆڤ بێت و کۆتایی بەو لەسێدارەدانانە بێنێ کە دژی یاسا و بە پێچەوانەی بەڵێنە نیودەوڵەتییەکانی ئێرانە.
کۆبوونەوەی وڵاتانی پیشەسازیی جیهان ناسراو بە گرووپی 7 لە هێرۆشیمای ژاپۆن کۆتایی پێ هات و ئەو وڵاتانە لە راگەیاندراوی کۆتاییدا نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە ئێران دەربڕیوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، ئەمریکا، ئیتالیا، ژاپۆن، بریتانیا، فەرەنسا و کهنهدا و هەروەها بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بەشدار بوون.
ئەو وڵاتانە لە راگەیاندراوەکەیاندا هاوکات لەگەڵ ئەوەی خۆشحاڵیی خۆیان لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی دەربڕیوە، رەخنەشیان لە چالاییە مووشەکییەکانی ئێران گرتووە داواشیان لە دەسەڵاتداران ئێران کردووە رێز لە مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین بگرن.