ديمستۆرا: راوێژى ئێران زۆر گرنگه‌

رۆژی سێشەممە گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.

K24 – هه‌ولێر:

نوێنەری تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا ستيڤان ديمستۆرا، رۆژی سێشەممە گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەكەدا، له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ رێككه‌وتنی ئاگربه‌ست و هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ چاره‌ی سیاسیی بۆ پرسی سووریا هاوڕا بوون.

کێشەی سوریا بە بێ ئێران چارەسەر ناکرێ. ئەمە پەیامی سەرەکیی سەردانەکەی رۆژی سێشەممەی ستيڤان دیمیستۆرا بوو.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئیران کۆبوویەوە و لە دواى کۆبوونەوەکە رایگەیاند، راوێژکردن لەسەر پرسی سووریا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران زۆر گرنگە.

ستيڤان دیمیستۆرا، نوێنەری سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا له‌و باره‌يه‌وه‌ گوتى: ئێمە هاودەنگبووین لەسەر ئەوەی درێژەدانی ئاگربەست زۆر گرنگە و ئەوەی کە یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بگەنە هەموو سووریا و بە تایبەت بگەنە ئەو ناوچانەی گەمارۆ دراون. من پێم وایە ئەوە زۆر گرنگە بۆ من کە راوێژ بە بەرپرسانی ئێرانی بکەم چونکە ئەوان کاریگەرییان هەیە لەوێ و ئەوان بە شێوەیەکی تایبەت زۆریان راوێژ بە من داوە کە دەتوانێ زۆر بەکار بێ و ئەم دانیشتنانەش لە داهاتوودا درێژەیان دەبێ.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە هەوڵەکانی دیمیستۆرا دەکات بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسی بۆ کێشەی سووریا.

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتى: ئێمە پشتیوانی لە هەوڵەکانی بەڕێز دیمیستۆرا دەکەین، پشتیوانی لە رەوتی سیاسی لە سووریا دەکەین، خۆشحاڵین لەوەی کە خەریکین لە چارەسەری سیاسی لە سووریا نزیک دەبینەوە و هیوادارین هەموو لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بە دوو ئاراستەی رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر و بەهێز کردنی پڕۆسەی سیاسی هەنگاوی جددی هەڵبێننەوە و لە کردەوەی دژبەر کە بە قازانجی سووریا و خەڵکی سووریا نابێ دەست هەڵگرن.

دیمیستۆرا لە پاش دانیشتنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا و رۆژێک پێش دەستپێکردنی خولێکی دیکەی گفتوگۆکانی ڤییەنا لە حاڵێکدا سەردانی ئێرانی کردووە کە پرسی جیا کردنەوەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و لایەنە تیرۆریستییەکان هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە  و دیاریش نییە کوردانی رۆژئاوای کوردستان لەم دانوستانانە دا چ جێگەیەکیان هەیە.