ئەمریكا ئێران بە یەكێك لە وڵاتە دیكتاتۆرەكانی جیھان ناو دەبات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئێران بە ئەشكەنجەدان و توندوتیژی بەرانبەر زیندانیانی سیاسی و دژبەرانی حكوومەت تۆمەتبار دەكات

K24 – ھەولێر:

لە راپۆرتی ساڵانەیدا و لەسەر مافەكانی مرۆڤ لە جیھان، ئەمریكا، ئێران وەك وڵاتێكی دیكتاتۆر ناو دەبات كە بەشێوەیەكی بەربڵاو مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە تاكەكەسییەكان پێشێل دەكات و ئەو وڵاتە بە توندوتیژی و ئازار و ئەشكەنجەی نەتەوەكانی كورد، تورك، عەرەب و بەلووچ تۆمەتبار دەكات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەو راپۆرتەدا، ئاماژە بەو وڵاتانە دەكات كە زۆرترین رێژەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤیان ھەیە و ئێران ، كۆریای باكوور، چین و كۆبا و تاجیكستان لە ریزبەندی یەكەمی ئەو وڵاتانەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئێران بە ئەشكەنجەدان و توندوتیژی بەرانبەر زیندانیانی سیاسی و دژبەرانی حكوومەت تۆمەتبار دەكات و دەڵێت، تەنیا لە ساڵی رابردوودا، 964  كەس لە ئێران لە سێدارەدراون كە 33 كەسیان لە پێش چاوی خەڵك و لە شوێنە گشتییەكاندا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێكراوە.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە لە ئێستادا زیاتر لە ھەزار زیندانی سیاسی و عەقیدەتی لە ئێران ھەن، ئەمە لە كاتێكدایە كە وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو كە لە ئێراندا زیندانیی سیاسی بوونی نییە.