ئێران داوادهكات رێگهى سهردانى گوانتانامۆى پێبدرێت
كۆمارى ئيسلامى ئێران لە بەرامبەر سەردانی 3 كۆنگرێسمانی ئەمریكی بۆ ئێران، داوا دەكات رێگە بە ئێران بدرێت سەردانی زیندانی گوانتانامۆ بكات.
K24 – ههولێر:
كۆمارى ئيسلامى ئێران لە بەرامبەر سەردانی 3 كۆنگرێسمانی ئەمریكی بۆ ئێران، داوا دەكات رێگە بە ئێران بدرێت سەردانی زیندانی گوانتانامۆ بكات.
پەرلەمانی ئێران لە وەڵامی نامەی 3 كۆنگرێسمانی ئەمریكی بۆ سەردانكردنیان بۆ ئێران، چەند مەرجێك دیاریدەكات.
جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئهنجوومهنى شووراى كۆمارى ئيسلامى ئێران دەڵێت: بە مەرجێك رێگە دەدەن ئەو 3 ئەندامەی كۆنگرێسی ئەمریكا سەردانی ئێران بكەن، كە بەڵێن بدەن تەنھا سەردانی بنەماڵەی كوژراوانی ناووكى دەستی دژبەرانی ئێران و بنەماڵەی كوژراوانی شەڕی 8 ساڵەی ئێران و عێراق و قوربانیانی كیمیابارانی ئەو شەڕانە بكەن.
مەنسور حەقیقەتپوور دەڵێت، دەبێت ئەو 3 ئەمریكییە، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا بەڵێن بدەن پابەندی مەرجەكانی ئێران بن و ھەروەھا رێگە بدەن بەرپرسانی ئێران سەردانی زیندانی گوانتانامۆ لە ئەمریكا بكەن و لەگەڵ رەشپێستەكانی ئەمریكاشدا وتووێژ بكەن.
سێ كۆنگرێسمانی ئەمریكی، پێشتریش داوایان لە بەرپرسانی ئێران كردبوو رێگەیان پێبدرێت سەردانی بنكە ناوەكییەكانی ئێران بكەن و دوێنێ لە نامەیهكدا جارێكیتر داوایان لە وەزیری دەرەوەی ئێران كرد داواكارییەكەیان جێبەجێ بكرێت.
و: گوڵباخ بههرامى