دژە تیرۆری کوردستان: سەرکردەیەکی سەربازیی داعشمان کوشت
"هێزەکانی دژه تیرۆر و هێزێكی تایبه‌تی ئه‌مریكا لە پرۆسەیەکی تایبەتدا کوشتویانە
K24-هەولێر
به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی دژه تیرۆری سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند هێزەکانی دژه تیرۆر و هێزێكی تایبه‌تی ئه‌مریكا ئەمڕۆ لە پرۆسەیەکی تایبەتدا گه‌وره سەرکردەی داعش، سەلمان عەبد شبیب ئەلجبورییان کوشت.
به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی دژه تیرۆری لە راگەیەندراوێکدا گوتی: له پاش كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی هه‌واڵگریی و چاودێریكردن توانرا ئه‌مڕۆ 18/4/2016 له پرۆسه‌یه‌كی تایبه‌ت و هاوبه‌شی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی دژه تیرۆر و هێزێكی تایبه‌تی ئه‌مریكی له رێگەی دابه‌زین به هێلیكۆپته‌ر له نزیك ناوچەی حەمام عەلیل له باشووری شاری مووسڵ و له نێو ناوچەی بندەستی داعش "گه‌وره سەرکردەی داعش، سەلمان عەبد شبیب ئەلجبوریی ناسراو به ئەبو سەیف و دوو له یاریده‌ره‌كانی بكوژرێن" .
بەپێی دژە تیرۆر ئەبو سەیف ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی جه‌نگیی رێکخراوی داعش بووە و پێشتر ئه‌میری گشتیی سه‌ربازیی ویلایه‌تی باشووری مووسڵ بووه و سه‌رپه‌رشتیی هێرشه‌كانی داعشی كردووه له سنووری باشووری مووسڵ و مه‌خموور.
ئا: ئا ، ف