ئێران: تەلئەبیب و حەیفا لەگەڵ زەوی تەخت دەكەین ئەگەر ئیسرائیل ھەڵەیەك بەرامبەر بە ئێران بكات

"ھەڕەشەكانی ئیسرائیل بەشێكە لە شەڕی دەروونی و ئەگەر راستەقینەش بێت، خۆ ئەو خەیاڵاتە"

گوتەبێژ بەناوی ھێزە چەكدارەكانی ئێرانی، لیوا ئەبو فەزل شكارچی
گوتەبێژ بەناوی ھێزە چەكدارەكانی ئێرانی، لیوا ئەبو فەزل شكارچی

K24 – ھەولێر:

گوتەبێژ بەناوی ھێزە چەكدارەكانی ئێرانی، لیوا ئەبو فەزل شكارچی بەڵێنیداو گوتی: "دەستبەجێ ھەردوو شاری تەلئەبیب و حەیفا لەگەڵ زەوی تەخت دەكەین" لە حاڵەتیكدا ئەگەر ئیسرائیل "ھەر ھەڵەیەك" دژ بە ئێران بكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، شكارچی رایگەیاند: "ھەڕەشەكانی ئیسرائیل بەشێكن لە شەڕی دەروونی و ئەگەر راستەقینەش بێت، خۆ ئەوە خەیاڵاتە"، گوتیشی: سوپای ئێرانی "تەلئەبیت لەناو دەبات و رەشی دەكاتەوە، ئەگەر ئیسرائیل گەوجیەتییەك دژ بە دەزگا ئەتۆمییەكانمان بكات".

دوپاتیشكردەوە: "سوپای ئیسرائیل لە حاڵەتی ترس و دڵەڕاوكێ دایە و ئەو لەوە لاوازترە ھەڕەشەكانی لە سەر زەمین جێبەجێبكات و ھەڕەشەی ئیسرائیل بە وێرانكردنی دەزگا ئەتۆمییەكانمان تەنھا خەیاڵ و خەونی پووچن".

شكارچی جەختیكردەوە لەوەی سوپای ئێران "دەستبەجێ بنكە مووشەكییەكانی ئیسرائیلی وێران دەكات؛ ئەگەر ئێران دووچاری ھەر دەستدرێژییەك ببێتەوە". ئاماژەشیكرد "بەشی ھەرە گەورەی توانا سەربازییەكانی ئێرانی رانەگەیه‌ندراون".

لە قسەكانی بەردەوام بوو و گوتی: "سوپای ئیسرائیلی توانای رووبەڕووبوونەوەی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی بەرگری فەلەستینیی نییە، وێڕای پشتیوانی نێودەوڵەتی".

شكارچی جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی "دەزگا ئەتۆمییەكانی ئێران بە تەواوی ئاشتیانەن، ھیچ شوێنێك بۆ بەرھەمھێنان، ئەمباركردن و بەكارھێنانی چەكی ئەتۆمی لە ستراتیجییەتی بەرگری ئێراندا نییە و فەتوایەكی شەرعیمشمان لەم بارەوە لە رێبەرەوە ھەیە".

ئەم لێدوانانەی شكارچی دوای رۆژێك ھات لە راگەیاندنی سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیلی، ئەفیف كۆخافی، كە گوتبووی: ئیسرائیل لەتەك پەیمانێكی بەھێزە، كە یۆنان و قوبرس و وڵاتانی عەرەبی لە خۆ دەگرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران.