ئابووری تورکیا لە سستبوونەوەیە و رێژەی هەڵاوسان لە بەرزبوونەوە
ناجی ئیقبال پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا رایگەیاند، لە کۆتاییەکانی 2020 گەشەی ئابووری وڵاتەکە بەهێز بوو، بەڵام بە گوێرەی نوێترین ئاماژەکان جارێکی دیکەی ئاراستەی سستبوونەوەی وەرگرتووە.
K24 - ههولێر:
ناجی ئیقبال پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا رایگەیاند، لە کۆتاییەکانی 2020 گەشەی ئابووری وڵاتەکە بەهێز بوو، بەڵام بە گوێرەی نوێترین ئاماژەکان جارێکی دیکەی ئاراستەی سستبوونەوەی وەرگرتووە.
پارێزگاری بانکی ناوەندی توركیا ئەو داکەوتنە بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێنێتەوە، لە ناویدا توندکردنی سیاسەتی نەختینەیی کە لە مانگی ئابەوە دەستیپێکردووە، هەروەها لاوازبوونی گەشەی بیمە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لە نوێترین راپۆرتی وەرزی بانکی ناوەندی تورکیا لەبارەی رێژەی هەڵاوسان، گەشەی گشتی لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردوو رووی لە باشبوون کردووە، دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا زیانی زۆری بەرکەوتبوو.
بەڵام لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، بانکی ناوەندی تورکیا رێژەی سوودی بنەڕەتی لە 10.25% بۆ 17% بەرزکردەوە، لەو بارەیەوە پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییە پەیوەستە بە لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە چەندین کەرتی ئابووری پەکخستبوو.
ناجی ئیقبال پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا، بەرزبوونەوەی بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار گوشارەکانی سەر هەڵاوسان کەمدەکاتەوە.