یانەی هەولێر لە چەند کاتژمێری داهاتوو رادان گاسانین دوور دەخاتەوە
K24-هەولێر
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یانەی هەولێر بڕیاری داوە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ئەمدواییەی رادان گاسانین راهێنەری کرواتی یانەکەی دوور بخاتەوە، کە یانەی هەولێر لە دوایین یاریی خۆی لە خولی نایابی عێراق بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە سناعات کارەبای کۆتایی ریزبەندیی خولەکە دۆڕا.
گەرچی تاکو ئێستا یانەی هەولێر بەفەرمی هەڵوێستی خۆی رانەگەیاندووە، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەناو یانەی هەولێر دەست کوردستان24 کەوتوون، ئێستا دەستەی کارگێڕی یانەکە بیر لە شوێنگرەوەی رادان دەکەنەوە، کە بەشێک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی پێشنیاریان کردووە ئەحمەد موناجد راهێنەری تیپی خولی کوردستانی یانەکەیان شوێنی رادان بگرێتەوە.
یانەی هەولێر بە کۆکردنەوەی 19 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندیی دێت و تەنیا چوار خاڵ لە ناوچەی دابەزین بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان دوورە و لەم وەرزە لە کۆی 18 یاریی تووشی 7 دۆڕان بووە.
رۆژی شەممە یانەی هەولێر لە دوایین یاریی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی عێراق لە بەغدا دەبێتە میوانی زەورا و یانەی هەولێر تەنیا پێنج رۆژی لەبەردەمە بۆ ئەوەی راهێنەرێکی نوێ بۆ ئەو یارییە دەستنیشان بکات.