توێژینەوەیەکی نوێ کاریگەری کۆرۆنا لەسەر سپێرم ئاشکرا دەکات
ئەو پیاوانەی لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە ئاگادار دەکاتەوە
K24- هەولێر:
بەگوێرەی نوێترین توێژینەوەی زانستی لەسەر کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڤایرۆسەکە کار دەکاتە سەر سپێرم (تۆو)ـی پیاوان.
زانکۆی فلۆرێنس لە ئیتاڵیا توێژینەوەی لەسەر 43 پیاو کردووە کە تەمەنیان لە 30 بۆ 65 ساڵان بووە و ڤایرۆسەکەیان تێپەڕاندووە.
لە کۆتایی توێژینەوەکە ئەوە ئاشکرا کراوە، ژمارەی سپێرمی پیاوان دوای یەک مانگ لە چاکبوونەوە، بە رێژەی 25% کەمیکردووە و هەروەها 20% لەو پیاوانە تۆواویان بە تەواوی بێ سپێرم یاخود تۆ بووە واتە دووچاری نەخۆشی ئازۆسپێرمیا بوون کە بەهۆیەوە تۆو لە ناو تۆواودا نامێنێت و دەبێتە هۆی نەزۆکی. نزیکەی 10%ـی پیاوان لە جیهان، ئەم نەخۆشییەیان هەیە.
توێژینەوەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەو کەسانەی نیشانەی تووندی کۆرۆنایان هەبووە، ڤایرۆسەکە زیاتر کاری لەسەر سپێرمیان کردووە.
ئەو توێژەرانە دەڵێن، هۆکاری ئەو کاریگەرییە تەنها ڤایرۆسەکە نییە، بەڵکو ئەو دەرمانانەیە کە دەدرێت بە نەخۆش لە ماوەی وەرگرتنی چارەسەر.
لەبارەی ئەوەش ئایا کەسەکە بە تێپەڕبوونی کات ژمارەی سپێرمەکانی ئاسایی دەبێتەوە، د. ئاجای نانگیا، پرۆفیسۆر و جێگری بەڕێوەبەری بەشی میز و میزەڕۆ لە زانکۆی کانساس دەڵێت، هێشتا لەوە دڵنیا نین و دەبێت توێژینەوەی زیاتر ئەنجام بدەین.
دەشڵێت، دەبێت لە دوای چاکبوونەوە لە کۆرۆنا، پیاوان پشکنینی پێویست ئەنجام بدەن.
livescience