‌قوباد تاڵەبانی: لە هیچ لایەنێک قبوڵ ناکرێت سەقامگیریی هەرێم بخاتە مەترسییەوە

''ئاسایشی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە''

قوباد تاڵەبانی
قوباد تاڵەبانی

K24- هەولێر:

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشی مووشەکی سەر هەولێر بڵاوکردەوە.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە، بەداخەوە شەوی رابردوو هێرشکرایە سەر هەولێری پایتەخت و ژمارەیەک قوربانی لێ کەوتەوە.

لە راگەیەندراوەکە هاتووە، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و لە هیچ کەس و لایەنێک قبوڵ ناکرێت بیخاتە مەترسییەوە.

قوباد تاڵەبانی دەڵێت، ئەم ھێرشە‌ش زەنگێکی وریاکردنەوەیە بۆ هەموولامان، بۆ ئەوەی یەکڕیز و یەکدەنگ بین لە‌ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، هەروەها ئەم رووداوە و پێشینەکانی دەریانخست کە دەبێت حکومەتی فیدرال و حکومەتی هەرێم هەماهەنگی زیاتر بکەن بۆ نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێ ناکۆکەکان و پڕکردنەوەی درز و کەلێنەکان.

داواش دەکات، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمانیش پێویستە ئەم مەترسیانە بە جددی وەربگرن و یارمەتیدەرمان بن بۆ بنەبڕکردنی تیرۆر و سزادانی گروپە لە یاسا دەرچووەکان.