نێچیرڤان بارزانى و باڵیۆزى دانیمارک رەوشی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن

هاوسۆزیى دانیمارک لەگەڵ هەرێمى کوردستان بۆ هێرشەکەى سەر هەولێر دووپاتکردەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی دانیمارک لە عێراق
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی دانیمارک لە عێراق

K24- هەولێر:

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە ستیگ پاوڵۆ پیراس، باڵیۆزى دانیمارک لە عێراق کرد.

لە دیدارێکدا وێڕاى دووپاتکردنەوەى هاوسۆزیى دانیمارک لەگەڵ هەرێمى کوردستان بۆ هێرشەکەى شەوى رابردوو لەسەر هەولێر، هەردوولا برەودان بە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق لەگەڵ دانیمارک، گفتوگۆى هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان، بودجەى گشتیى عێراق بۆ ئەمساڵى 2021 و پشکى هەرێمى کوردستان، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق، ڕۆڵى نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لە هاوکاری و پشتگیریکردنى عێراق بۆ تێپەڕاندنى کێشە و قەیران و رووبەڕووبوونەوى تەحەدییەکانیان، تاوتوێ کرد.

نێچرڤان بارزانى، بۆ دووبارە کردنەوەى باڵیۆزخانەى دانیمارک لە بەغدا، پیرۆزبایى لە باڵیۆز کرد و بە هەنگاوێکى گرنگى بۆ هاوکاریکردنى عێراق زانى، هەروەها سوپاسى پشتگیرى و هاوکارییەکانى دانیمارکى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیدا کرد، بەتایبەتیش مەشق و راهێنان بە سوپاى عێراق و پێشمەرگە لە چوارچێوەى ئەرکى ناتۆ، هەروەها هیواى خواست دانیمارک هاوبەشى و هاریکارى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان زیاتر بکات و گرنگی بە بوارى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى دانیمارکى لە هەرێمى کوردستان بدات.

گرنگیى پاراستنى سەقامگیرى و هەبوونى هەماهەنگیى ئەمنى و سەربازیى نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵى عێراق لە ناوچەکانى ماددەى 140، دوایین پێشهاتەکان دەربارەى بڵاوبونەوەى کۆڤید_19 و هەنگاوەکانى کوتان بە ڤاکسینى دژى ڤایرۆسى کۆرۆنا، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند بابەتێکى جێى بایەخى هاوبەش، بەشێکى دیکەى دیدارەکە بوون.