مەلا بەختیار: رەوتی تێکدەری بەشێکی چەکداریی شیعە رێککەوتنی قبوڵ نییە

تەوقیتی ئەم کارانە، رێککەوت نییە سیناریۆی تریشی بەدواوەیە و هەمووی مەترسین لەسەر هەرێمی کوردستان

مەلا بەختیار    فۆتۆ: AA
مەلا بەختیار فۆتۆ: AA

K24- هەولێر:

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی رەوشی عێراق و رووداوی هێرشکردنە سەر هەولێر چەند سەرنجێک دەخاتەڕوو.

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، مەلا بەختیار نووسیویەتی: "دوای دەرچوونی بایدن، هیوایەک بۆ چارەسەری سیاسی لە ناوچەکەدا، بە ئاسۆی سیاسیدا دیارە، بەڵام دۆخی عێراق، هێشتا بەپێی پیلانی سەردەمی ترامپ ئاراستە دەکرێت. هێزە پیلانگێڕەکانیش، هەر ئەوانەن کە خۆپیشاندەران لە بەغداد و بەسرە و سەماوە دەڕفێنن... سەرنگون و تیرۆریان دەکەن".
مەلا بەختیار دەڵێت: "ئەم پیلانگێڕانە، گوایە ئامانجیان تێکشکاندنی ئەمەریکایە. ئەمە رواڵەتی رووداوەکانە. ناوەخنەکەی ستراتیژی تایفەگەری ترسناکە. ئەقڵیەتی تایفەگەری.. شیعە یان سوننە، جیاوازیان نیە. تیرۆرستانی سوننە، لە پێش و پاش روخانی سەدام، تاوان و ئامانجەکانیان دیار بوو. هی ئەم رەوتە تایفەگەرییە شیعەگەرایەش، زەق زەقە!".
لە بەشێکی نووسینەکە هاتووە: "هەرێمی کوردستان، لەناو بازنەی پیلانی ئەم هێزە تایفەگەراییەدایە، هەتا بە دەردی کەرکووک و خانەقین و شنگالی بەرن. بەڵگەشمان ئەوەیە، مادەی (140) کە جێ بەجێ ناکرێ... ئامانجی سیاسی-عەسکەری ترسناک هاندەری ئەم جێبەنەکردنەی ماددە بنەڕەتیە دەستوریەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "لەم چەند مانگەی دواییشدا کە نەک بودجە، بەڵکو موچەش خراوەتە قوڕگی تایفەگەریەوە، ئەمیش بەشێکە لەو پیلانەگێڕییەی دژی کوردستان لەئارادایە. لە کاتێکدا وەفدی کوردستان لە بەغدادە و هێزە شیعەکان هادی عامریان داناوە بۆ جۆرێک لە چارەسەری مامناوەنجی، کەچی لەم لاوە، پایتەختی کوردستان دەدرێتە بەر موشەک باران. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ رەوتی تێکدەری بەشێکی چەکداری شیعە، رێکەوتنی قبوڵ نییە".
لەبارەی هێرشی سەر هەولێر دەڵێت: "تەوقیتی ئەم کارانە، رێککەوت نییە. سیناریۆی تریشی بەدواوەیە و هەمووی مەترسین لەسەر هەرێمی کوردستان. هەروەکو چۆن مەترسیشن لەسەر خەباتی مەدەنی عێراق".
مەلا بەختیار ئەوەی خستووەتەڕوو: "لام وایە کاتێتی، هێزە کوردستانیەکان، بەرنامەی سیاسی نەزۆکی ساڵی پار وەلا بنێین و دوور لە ڤیتۆی سیاسی نەگونجاو لەبەردەم پرۆسەی چارەسەری سیاسی ناوخۆ، هێزەکان و سەرکردەکان، بڕیاری بەرپرسیارانە بدەن بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی لێکترازان.. بەرەو سازان. ئەگینا ئەم کاتە کەمەی لەبەردەمیشدا ماوە، لەدەست دەچێ. ئەوکاتە کاڵەکیش دەستناکەوێت بە ئەژنۆی سیاسیماندا بیانکێشین".