ئەو دوو خۆشەویستەی بە مەرگیان بۆ هەمیشە پێناسە و هونەری فۆتۆگرافەریان گۆڕی

هەردووکیان لە مەیدانی جەنگ کوژران

رۆبێرت کاپا و گێردا تارۆ
رۆبێرت کاپا و گێردا تارۆ

K24- هەولێر:

رۆبێرت کاپا و گێردا تارۆ، ئەو دوو خۆشەویستە جووەی بوونە یەکەم فۆتۆگرافەری جەنگ و رۆژنامەوانی جەنگیان وەک خۆی وێنا کرد، هەردووکیشیان بە ناوی خوازراوه‌وه‌، لە بەرەکانی جەنگ کوژران.

کاپا بە مەزنترین فۆتۆگرافەری جەنگ هەژمار دەکرێت، بەڵام چیرۆکەکەی خەمناکە؛ لەگەڵ یەکەم شەپۆلی جەنگی جیهانیی دووەم، لەگەڵ سەربازەکان، لە ریزی پێشەوە جەنگ بوو، لەبەرئەوەی جوو بوو، لە دەست نازییەکان هەڵدەهات و لە نیشتمانەکەی خۆی، بێگانە بوو، ناو و پاسپۆرتێکی دیکەی بۆخۆی دروستکرد و خۆی به‌ رۆبێرت کاپای ناوده‌بر، لە راستیشدا، ناوی ئاندرێ فریدمانە.

ئاندرێ كه‌ خۆی به‌ كاپا ده‌ناساند، لە هەنگاریا لە دایکبووە و خێزانەکەی جوو بوون؛ لە بازاڕە جەنجاڵەکانی پاریس وێنەکانی دەفرۆشت؛ گێردا تارۆش کە ناوە راستییەکەی گێردا پۆهیرل بوو، خانمێکی ئەڵمانی جوو بوو، لە ترسی نازییەکان، لە پاریس دەژیا، بەڵام هیچی لەبارەی فۆتۆگرافی نەدەزانی.

رۆبێرت کاپا و گێردا تارۆ، لە پاریس یەکیان ناسی، هەردووکیان جوو بوون، بێ پارە و هەڵاتوو، بەڵام خاوەن بەهرەیەکی زۆر، هەردووکیشیان جوانییەکی زۆریان هەبووە.

گێردا دەڵێت، کاتێک یەکەمجار کاپام بینی، بۆ من وەک ئەڵماسێکی درەوشاوە وابوو لەناو تاریکییەکی زۆر. دەشڵێت، ئەو کەسێکی متمانەپێکراو نەبوو، چونکە وابەستەی کارەکەی بە تەواوی نەبوو؛ لە هەر کاتێک دەکرا کامێراکەی بفرۆشێت و واز لە کارەکەی بهێنێت.

ئەم خاتوونە زۆر کار دەکاتە سەر کاپا، لەبری جلە کۆنەکانی، قاتێکی رەشی نوێی پێ دەپۆشێت، لەسەر داوای ئەو، هەردووکیان ناویان دەگۆڕن، هانی دەدات پێکەوە جەنگ و ماڵوێرانی نیشانی جیهان بدەن.

دووانەیەک بوون، پێکەوە خۆشەویستی و کاری پرۆفیشناڵ و مەترسی و ئازار کۆی دەکردنەوە. کاپا خۆشەویستەکەی فێری فۆتۆگرافەری کرد و یەکەم کار کە پێکەوە وەریانگرت، وێنەگرتنی جەنگی ناوخۆیی ئیسپانیا بوو.

لە ماوەیەکی کەم ناودەنگی زۆریان پەیداکرد، بەوەی هەردووکیان بوێرییەکی زۆریان هەبوو؛ مرۆڤایەتییان خۆشدەویست و دژی جەنگ و کوشتار دەوەستانەوە.

گێردا تارۆ یەکەم خانمە فۆتۆجۆرنالیستە لە جیهان لە بەرەکانی جەنگ بکوژرێت، مردنیشی، بووە خەمێکی قووڵ و نەبڕاوە بۆ کاپا، بەڵام کاپا هەر بەردەوام بوو بۆ چوونە مەیدانی جەنگ و وێنا کردنی جەنگەکان.

گێردا لە ئیسپانیا لە ساڵی 1937 لە تەمەنی 26 ساڵی لە نزیک مەدرید کوژرا، کاپاش لە تەمەنی 40 ساڵی لە ڤێتنام کۆتایی بە ژیانی هێنرا.

بەشێک لە کارەکانی ئەو دوو فۆتۆگرافەرە، گرنگی زۆری مێژووییان هەیە. سەرۆکی ئەمەریکای ئەو کات، ئایزنهاوەر، ''مەدالیای ئازادی'' بە کاپا پێبەخشی.

ساتی کوژرانی گێردا تارۆ
ساتی کوژرانی گێردا تارۆ
بەناوبانگترین وێنەی کاپا، ''سەربازێک کە دەکەوێت''ـە.
بەناوبانگترین وێنەی کاپا، ''سەربازێک کە دەکەوێت''ـە.
رۆبێرت کاپا و گێردا تارۆ
رۆبێرت کاپا و گێردا تارۆ

BBC

Guardian