خاوەن قەرزەكانی سلێمان ھەڵشۆیی داوا دەكەن لیژنەیەك چاودێری دۆسیەكە بكات
"رێگری لە دەستوەردانی كەسانی دەستڕۆیشتوو بكرێت"

K24 – ھەولێر
بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانیان نوێنەرانی خاوەن قەرزەكانی سلێمان ھەڵشۆیی سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و داوا دەكەن لیژنەیەك بۆ چاودێریی و سەرپەرشتی دۆسیەكە پێكبھێندرێت.
لەو داواكاریەی خاوەن قەرزەكانی سلێمان ھەڵشۆیی كە پێشكەش بە پەرلەمانیان كردووە ھاتووە: "وەكو دەستەی مافخوراوانی گوندەكانی سنووری ئیدارەی راپەڕین داوای سكاڵای خەڵكی بەشخوراوی گوندەكان بەگشتی دەكەینە دەستی ئێوەی نوێنەرانی گەل، بە مەبەستی گەیاندنی دەنگەكانمان بۆ سەروی خۆتان، لەپێناو بەدواداچوون ولێكۆڵینەوە لە تاوانی قۆڵبڕینی بەشی ھەرە زۆری گوندەكانمان لەلایەن كەسانێك كە سەرمەشقیان سلێمان ھەڵشۆیی بووە، بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك بەناوی مامەڵەوە دوور لە شەرع و یاسا ھەرچی سەروەت و سامانی چەند ساڵەی ئەو خەڵكەیە براوە".
لە بەشێكی دیكەی داواكارییەكەدا ھاتووە، داوا لە پەرلەمان دەكەن: "لیژنەیەك لە ( پۆلیس، ئاسایش، داواكاری گشتی، نوێنەری خەڵك) پێكبھێندرێت و چاودێری و سەرپەرشتی دۆسیەی لێكۆڵینەوە لەم تاوانەدا بكرێت و ھەرچی زووە ئەنجامی لێكۆڵینەوە رابگەیەنرێت و رێگری لە دەستوەردانی كەسانی دەستڕۆیشتوو بكرێت، لە بە لارێدابردنی ئەو دۆسیەیە".
سلێمان ھەڵشۆیی، كە وەك بازرگانێك لە سنووری ئیدارەی راپەڕین ناسراوە، ئۆتۆمبێل و چەندین جۆرە كەلوپەلی بە قازانجی زیادە لە خەڵكی ناوچەكە كڕیووە، بەڵام لە كۆتایی ساڵی رابردوو مایەپوچبوونی خۆی راگەیاند، دوای ئەوەش لە 18/12/2020 ھێزە ئەمنییەكانی دەڤەری راپەڕین بە بڕیاری دادوەر سلێمان ھەڵشۆییان دەستگیر كرد، بەگوتەی پۆلیسی راپەڕین تا مانگی كۆتایی ساڵی رابردوو زیاتر لە 50 كەس سكاڵایان دژی ھەڵشۆیی تۆمار كردووە و 27 كەسی دیكەش كە بەشداربوونە لە مامەڵەكانی دەستگیر كراون.
دوای ماوەیەك لە دەستگیر كردنی، نوێنەری خاوەن قەرزەكان لە زیندان سەردانی سلێمان ھەڵشۆییان كرد و پێی گوتوون، ئەو پارانەی لای ئەوە دەیان داتەوە.

ھ.م