"سلێمان هەڵشۆیی گوتوویەتی ئەو پارانەی لای منن دەیاندەمەوە"

تائێستا 27 کەس لە هاوبەشەکانی دەستگیرکراون
سلێمان هەڵشۆیی، وێنەکە لە فەیسبووکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وەرگیراوە
سلێمان هەڵشۆیی، وێنەکە لە فەیسبووکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وەرگیراوە

K24 - هەولێر

نزیکەی سێ هەفتەیە سلێمان هەڵشۆیی، بازرگانێکی ناسراوی پشدەر دەستگیرکراوە، بەڵام ئەوانەی پارەیان بە قەرز داوەتێ، بەرچاوڕوونیان نییە و دەڵێن سلێمان لە زیندانەوە بە نوێنەرەکانی گوتووە "ئەو پارانەی لەلای منن، دەیاندەمەوە".

نوێنەری ئەو کەسانەی پارەیان بە قەرز داوەتە سلێمان هەڵشۆیی، بەگوتەی ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە رانیە سەردانی سلێمان هەڵشۆییان کردووە لە زیندان و، ئەو پێی گوتوون "ئەو پارانەی لای منە، دەیاندەمەوە، بەڵام بەشی هەرەزۆری لای من نییە و لای هاوبەشەکانمە".

لەدوای دەستگیرکردنی سلێمان هەڵشۆیی لە 18-12-2020 تائێستا 27 کەس لە هاوبەشەکانی دەستگیرکراون. ئەمڕۆش بەشێکی ئەو کەسانەی مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون، لە گوندی بانوەقل گردبوونەوە بۆ ئەوەی بچنە دادگای قەڵادزێ، بەگوتەی خۆیان تاوەکو رێگە بگرن لەوەی کەیسەکەیان بەلاڕێدا ببرێت.

سلێمان عەبدوڵڵا، یەکێکە لەو کەسانەی مامەڵەی لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی کردووە. ئەو، قسەی بۆ کوردستان24 کرد و گوتی هیچ بەرچاوڕوونییەکی وامان نییە... هەموومان بەرنامەمان ئەوەیە ئەمڕۆ چارەسەرێک بۆ داخی دڵی خۆمان بدۆزینەوە".

ئەوانەی لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی مامەڵەیان کردووە، باوەڕ بەوە ناکەن، پارەکە نێردرابێتە دەرەوە، سلێمان عەبدوڵڵا دەڵێ "بەدڵنیاییەوە ئەو پارەیە نەنێردراوەتە هیچ وڵاتێک، بەڵکو ئەو کەسانەی ئەو پارەیان لەدەستە هەموویان لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندان".

شێوازی مامەڵەکردنەکە

ئۆتۆمبێل، خانوو، زێڕ و تاوەکو دەگاتە مەڕوماڵات و دەمانچە، واتا هەرشتێک پارە بکات سلێمان هەڵشۆیی بە ماوەی دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ لە هاووڵاتییانی وەرگرتووە، بە نیوەخێر و تاوەکو یەک لەسەر سێی خێر (واتا ئەگەر بۆ نموونە ئۆتۆمبێلێک بە 15 هەزار دۆلار بووبێت بە نرخی بازاڕ، ئەو بە 23 هەزار دۆلار وەریگرتووە بەو مەرجەی بۆ نموونە دوای دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ پارەکەی بدات".

ئەو بازرگانە هەرچی کڕیویەتی دەستبەجێ بە بڕێکی کەمتر لە نرخی بازاڕ فرۆشتووییەتییەوە و بە پارەکەی دەستیکەوتووە، کاری دراوی ئەلیکترۆنی کردووە، دەگوترێت تەنانەت یەک لەسەر سێی ئەو ماڵپەڕەی کڕیوە کە پارەکەی (کە دەگاتە ملیۆنان دۆلار) کردووەتە ئەلیکترۆنی و لێی داناوە.