باوه‌ڕم به خوا، قورئان، پێغه‌مبه‌ر و ئیمان هه‌یه و بێ ئیمان و عه‌قیده فه‌وزا له كۆمه‌ڵگه درووست ده‌بێت
باوه‌ڕم به خوا، قورئان، پێغه‌مبه‌ر و ئیمان هه‌یه و بێ ئیمان و عه‌قیده فه‌وزا له كۆمه‌ڵگه درووست ده‌بێت
K24 – هه‌ولێر:
مه‌لا به‌ختیار، كه‌سایه‌تی سیاسی و نووسه‌ر و رۆشنبیری كورد، له میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی "كرانەوە"ی كوردستان24، له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه، رایگه‌یاند، وه‌ك ئه‌نجامگیرییه‌ك به‌و بڕوایه گه‌یشتووه، كه ئه‌و وڵاتانه‌ی ئایینیان سه‌ركوت ده‌كرد، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و ئه‌وانه‌ی عه‌لمانیه‌ت به ناوی ئایینه‌وه سه‌ركوت ده‌كه‌ن، به هۆی به‌هێزی ئایینه‌كه‌وه توانیویانه خۆیان به پێوه رابگرن. گوتیشی: من دژی ئیلحادم. من پێم وایه عه‌قیده و ئیمان له كۆمه‌ڵگه ده‌ربكه‌یت، كۆمه‌ڵگه‌ی وه‌ك ئێمه به تایبه‌تی فه‌وزایه‌كی گه‌وره به‌رپا ده‌بێت و لاسه‌نگییه‌كی گه‌وره له نێوان رووحی مرۆڤ و پرسه ماددییه‌كان درووست ده‌بێت. ئه‌مه هیچ تهفسیرێكی دیكه هه‌ڵناگرێت.
ده‌قی وه‌ڵامه‌كانی مه‌لا به‌ختیار
هه‌رگیز باوه‌ڕم به ئیلحاد نییه. باوه‌ڕم به خوا‌و، قورئان، پێغه‌مبه‌ر، ئیمان و هه‌موو ئه‌وانه هه‌یه. وه‌ك مه‌زهه‌بیش سوننه‌ین.
هه‌رگیز باوه‌ڕم به ئیلحاد نییه. زۆر كه‌س هاتووه باسی ئیلحادی لای من كردووه و به توندی ره‌تمكردووه‌ته‌وه. باوه‌ڕم به خوا‌و و قورئان و پێغه‌مبه‌ر و ئیمان و هه‌موو ئه‌وانه هه‌یه. وه‌ك مه‌زهه‌بیش به خێزان سوننه‌م. له‌گه‌ڵ ئه‌وه نییم، ته‌نانه‌ت خوانه‌خواسته وتی باوه‌ڕم به خوا نییه سه‌ری ببڕم، ئازادی بكه، خۆی له‌گه‌ڵ خوای خۆی "ومن شا‌ء فلیؤمن ومن شا‌ء فلیكفر".
چۆن ده‌ڕوانیته ئایین
من ئه‌وه‌ی هیچ باوه‌ڕێكی نه‌بێت، كاری به‌نده و خوای خۆیه‌تی. به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیم هێزی سیاسی، موفه‌سیرێك، ئه‌فكاری له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدایه، بڕیاری بۆ بدات، ده‌می داخه‌ن، زمانی ببڕن، قه‌ده‌غه‌ی بكه‌ن، ته‌كفیری بكه‌ن، به مولحیدێكی گه‌وره له قه‌ڵه‌می بدات و كه‌سایه‌تی بشكێنێت، ئه‌نجن ئهنجنكردنی كه‌سایه‌تی مرۆڤ، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر عه‌قیده، تاوانه. تیرۆره، تیرۆی فكری، جه‌سته‌یی، عه‌قیده‌یی و فه‌لسه‌فیش هه‌یه.
فه‌وزا درووست ده‌بێت
من دژی ئیلحادم. من پێم وایه عه‌قیده و ئیمان له كۆمه‌ڵگه ده‌ربكه‌یت، كۆمه‌ڵگه‌ی وه‌ك ئێمه به تایبه‌تی فه‌وزایه‌كی گه‌وره به‌رپا ده‌بێت و لاسه‌نگییه‌كی گه‌وره له نێوان رووحی مرۆڤ و پرسه ماددییه‌كان درووست ده‌بێت. ئه‌مه هیچ تهفسیرێكی دیكه هه‌ڵناگرێت. به‌ڵام چۆن په‌روه‌رده‌ی رووحی مرۆڤ ده‌كرێت، به شمشێر، به سه‌پاندن، به كوشتن ئه‌مه سه‌رده‌می به‌سه‌رچووه.
مولحیدیش ئازاده
له ده‌ستووری عێراقدا، هاتووه، "ئازادی ویژدان/ حریة الضمیر"، راپرسیشی له‌سه‌ر كراوه و ئێستا هێزه ئیسلامییه‌كان له عێراقدا حاكمن و زۆرینه شیعه‌ن و به‌شێكی سوننه‌یه و لای ئێمه‌ش هێزه ئیسلامییه‌كان له هه‌ڵبژاردن ده‌رده‌چن و جاری وایه له به‌غدا وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن و له ده‌ستووری عێراق، ده‌قێكی تێدایه، به ناوی "حریة الضمیر" و ئه‌مه‌ش مانای ئازادی بیروباوه‌ڕ دێت و ده‌ستووره‌كه‌ش گهلپهسنده.
باوه‌ڕمان به سه‌روه‌ری یاسا هه‌یه، یان شمشێر
به رای من سه‌روه‌ری یاسا له هه‌موو حاڵه‌تێكدا باشتره. گه‌لێك بیرمه‌ندی گه‌وره هه‌یه، باوه‌ڕی به ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری نییه، به‌ڵام ده‌ڵێت ته‌نانه‌ت له ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داریدا، سه‌روه‌ری یاسا، پێویستیی مێژووییه.
گۆشتی به‌راز و حوشتر
پرسیارم كردووه، "نه‌فی"م نه‌كردووه. كام "مشرع" هه‌یه له ئیسلامدا به من، یان خوێنه‌ری بسه‌لمێنێت، كه پرسیار له شه‌رعدا "حه‌رامه"، وه‌ك پرسیار وتم: من تێناگه‌م بۆ گۆشتی به‌راز حه‌رامكراوه و گۆشتی حوشتر حه‌ڵاڵ كراوه، له كاتێكدا وڵاتێكی وه‌ك هۆڵه‌ندا له ساڵێكدا (30) ملیۆن به‌راز ده‌فرۆشرێت. من خۆم گۆشتی به‌راز ناخۆم، من پرسیارم كرد، من پێموایه له هه‌موو شتێك‌دا پرسیار ئاساییه. ته‌نانه‌ت له ده‌قی پیرۆزدا، پرسیار هاتووه. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و هه‌ڵا و بگره‌یه له‌سه‌ر پرسیار، راستیی له زیانی "فه‌زا"ی ئیسلامه. جیهان چۆن سه‌یری ئێمه بكات، كه ته‌نانه‌ت پرسیار قه‌ده‌غه‌یه له‌و وڵاتانه‌ی ئیسلام هه‌ژموونی هه‌یه.
بۆ ده‌نگ كۆكردنه‌وه‌یه؟
په‌ندێكی عه‌ره‌بی ده‌ڵێت: "ئه‌و شته‌ی له سنووری خۆی ترازا لێی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه"، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بته‌وێت "دیعایه" بۆ دونیای ئیسلام بكه‌یت، ده‌بێت له سنووری عه‌قڵانی، لۆژیكی و گونجاندنی له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه بۆی بكه‌ی، نه‌ك به عه‌قڵێكی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، بیروبۆچوونێك، كه بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه پێویسته، بێی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت نابووت بكه‌یت. نابووت كردن حه‌رامه. به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دیموكراسی، ئایینی ئیسلام و شه‌رع ناگونجێت. ئه‌وه لۆژیك له‌ده‌ستدانه بته‌وێت به‌رامبه‌ره‌كه‌ت نابووت بكه‌یت. له كاتێكدا پێت ئه‌ڵێم وانییه، من پرسیارم كردووه. خوانهخواستووه قه‌ت جورئه‌تی ئه‌وه‌م نه‌كردووه ئایه‌ته‌كه نه‌فیی بكه‌م، باشه بۆ پرسیارم لێ حه‌رام ده‌كه‌ی. به ناوی ئه‌وه‌ی توندڕه‌وی ئه‌كه‌ی بۆ ئایین و به‌و توندڕه‌وییه زیان له ئایینه‌كه ده‌ده‌یت.
ئه‌گه‌ر له ئایینی ئیسلامدا "بوهتان" باشه، ئه‌وا؛ من "بوهتانهكهم قبووڵه".
عه‌لمانییه‌ت چییه؟
به‌داخه‌وه هه‌ندێك له ئیسلامییه‌كان به هه‌ڵه لێی تێگه‌یشتوون. نه له رۆشنگه‌ریدا، زۆرینه‌ی بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفه‌كانی مولحیدن. نه له عهلمانییهتیشدا ئیلحاد هه‌یه. كه‌مترین رۆشنگه‌ر له مێژوودا، ماتریالیستی بووه. باوه‌ڕی به میتافیزیك و باوه‌ڕی به فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیالیست نییه، كه‌مترینن. زۆرینه‌یان باوه‌ڕیان به خوا هه‌یه. مه‌سیحی بێت، یان نامه‌سیحی بێت. یه‌ك سیسته‌می عه‌لمانی نییه بڵێت باوه‌ڕمان به خودا نییه. بیرمه‌نده عه‌لمانییه‌كان له مێژوودا، كۆمۆنیسته‌كان چه‌ند بیرمه‌ندێك خۆیان له‌وه داوه بڵێن خودا نییه. یه‌ك سیستمی عه‌لمانی له دونیا نییه، بڵێت خوا نییه. ماركس و ئه‌نگلیس له دهگمهنهكانن. سیكۆلاریست مولحیدی نییه. دین و ده‌سه‌ڵات له‌یه‌ك جیاده‌كاته‌وه. له كام وڵاتی دونیا عه‌لمانیه‌ت هه‌یه، ئیسلام و مه‌سیحیه‌ت قه‌ده‌غه‌كراوه. من چوومه‌ته چین، له په‌كین چوومه‌ته مزگه‌وتی ئیسلامییه‌كانیش. نه‌ك قه‌ده‌غه نه‌كراوه، به‌ڵكو به‌و په‌ڕی ئازادی بۆ خۆیان عیباده‌تی خۆیان ده‌كه‌ن. نییه له دونیادا، له وڵاتی عه‌لمانیدا، موسڵمان، مه‌سیحی، یان جوله‌كه قه‌ده‌غه كرابێت. له وڵاتی موسڵماندا زۆر هه‌یه عه‌لمانی قه‌ده‌غه كرابێت.
عه‌لمانییه‌تی كۆپیكراو!
من پێموایه، وڵاتی ئێمه نابێت به پێوه‌ره‌كانی ئه‌وروپا بپێورێت. نازانم سه‌د ساڵی دیكه، كه‌سمان نه‌ماوین، چی لێدێت، به‌ڵام هاوسه‌نگی له نێوان پرسه رووحییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی دونیایی لای من یه‌كجار گرنگه. بۆچی؟ كام ده‌سه‌ڵاتی عه‌لمانی و دونیای و ماددی توانیویانه ئایینه‌كان له‌ناو به‌رن. هه‌وڵیش دراوه، له سه‌رده‌می ستالین هه‌وڵدراوه، ناكرێت لاریمان له‌و هه‌وڵانه هه‌بێت، به‌ڵام توانیان له‌ناوی به‌رن؟ نه‌خێر نه‌یانتوانی. بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی هاوسه‌نگی له نێوان ئایین و ده‌سه‌ڵاتی دنیاییان پاراستووه، سه‌ركه‌وتوون له ژیانی خۆیان؟ چونكه نه‌یانهێشتووه مرۆڤه‌كان له ناخیاندا تووشی دڕدۆنگییه‌كی گه‌وره ببن و تووشی كێشه‌یه‌كی گه‌وره ببن. هه‌تا ئه‌و وڵاتانه‌ی ئیسلامیش نین، وه‌ك ژاپۆن، كۆریا، چین ئایینیان بوزییه، یان كۆنفۆشیۆسی و هیندۆسین، ئه‌م هاوسه‌نگ راگرتنه زۆر گرنگه.
ئه‌وانه‌ی دینیان نه‌فی كرد، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون
ده‌مه‌وێت ئه‌نجامگیرییه‌ك (استنتاج) بكه‌م، كه لهكهسم نه‌خوێندووه‌ته‌وه، ئه‌و وڵاتانه‌ی هاوسه‌نگیان راگرتووه، له نێوان پرسه ماددی و رووحییه‌كان سه‌ركه‌وتووبوون. ئه‌وانه‌ی پرسه ئایینییه‌كانیان "نه‌فی" كرد، وه‌ك سۆڤیه‌ت و هه‌ندێك وڵاتی دیكه، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، كه‌چی له‌و وڵاتانه‌ی ئایینین و عه‌لمانییه‌ت قبوڵ ناكه‌ن، به‌هێزی ئایین ئه‌وانی هێشتووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر ئازادیشی تێدا نییه، وه‌ك ئێران و سعوودییه. رووح به‌هێزه له ناویاندا. هێزێكی به‌هێزه له ناخی ئه‌و خه‌ڵكه، هه‌تا ئازادی دونیایی ناده‌یت، به‌ڵام به‌هۆی به‌هێزی ئایینه‌وه خۆیان راده‌گرن.
من ئه‌وه‌نده‌ی به‌دواداچوون ده‌كه‌م، هه‌موو ئه‌و توندڕه‌وییه‌ی له فه‌زای ئیسلام و هێزه ئیسلامییه‌كان هه‌یه به‌رامبه‌ر به عه‌لمانیه‌ت، زیانیان له ئیسلام داوه. ده‌بینم تێیاندا باش بیر ده‌كاته‌وه. ئه‌و توندڕه‌وییه‌ی جاران له سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو نابینم، به‌رامبه‌ر به دیموكراسی و عه‌لمانییه‌كان به توندی قسه بكه‌ن. كرانه‌وه ده‌بینم له سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو. به‌ڵام وه‌كی دیكه، كادیری توندڕه‌و و ئه‌ندامی توندڕه‌و پێیانوایه به ریش درێژكردن و به جل كورتكردن و جوێندان و توندڕه‌وی ده‌توانن خزمه‌تی فه‌زای ئیسلام بكه‌ن له‌سه‌ر ده‌می عه‌وله‌مه‌دا، پێم وابێت ئه‌وان زیانی گه‌وره‌یان گه‌یاندووه به "عه‌قیده". له ناو عه‌لمانییه‌كانیش هه‌ندێك توندڕه‌وی زیاد له حه‌د له دوای راپه‌ڕینه‌وه، بیستمان زیانی گه‌یاندووه به عه‌لمانییه‌ت و ئه‌وه‌ش كراوه به بیانوو، عه‌لمانییه‌كانیان كرد به مولحید و شكاندیانن تا راده‌یه‌ك. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له هێزه ئیسلامییه‌كانن، یان موسڵمانی بێلایه‌نن، یان ئه‌وانه‌ی له سه‌نگه‌ری عه‌لمانیه‌تن، من خۆم به پیاوێكی عه‌لمانی دیموكراتی هاوسه‌نگ ده‌زانم، هه‌موو ئه‌مانه، ده‌بێت لایه‌نه ئه‌رێنییه‌كانمان كۆبكه‌ینه‌وه و ره‌خنه‌یه‌كی عه‌قڵانی له هه‌ڵه‌ی هه‌ردوو لامان بگرین.
شیعر و عه‌لمانییه‌ت
شاعیر حاڵ ئه‌یگرێت. ئه‌و وتاربێژانه بۆ ناچن به گژ مه‌ولانای رۆمی، تهكفیرهكه چووه سه‌ر یان مه‌ولانا. ئه‌وانه‌ی ته‌كفیریان كرد، كه‌سیان نازانێت گۆڕیان له كوێیه و مه‌ولانا ئێستا له هه‌موو جیهان موریدی هه‌یه.
ئیسلامی سیاسی بیه‌وێت به توندڕه‌ویی هه‌موو ئه‌ندێشه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بكات به ده‌سه‌ڵات و بیسه‌پێنێت، له ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بیسه‌پێنێت، ئێمه قه‌ت له شه‌ڕی ناوخۆ و كێشه، رزگارمان نابێت. عه‌لمانییه‌كانیش بیانه‌وێت، ده‌سه‌ڵاتێكی عه‌لمانی عه‌یار24 بسه‌پێنن، هه‌ناسه نه‌ده‌ن به‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به ئایین و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی ئیسلامی هه‌یه، ئه‌ویش ده‌بێته مایه‌ی فیتنه‌یه‌كی دیكه. ده‌بێت رێگه به هه‌ردوولا بدرێت و ئازادی هه‌بێت له چوارچێوه‌ی یاسا. ده‌بێت ئێمه به‌ره‌و نووسینەوەی ده‌ستوور بڕۆین و من له‌گه‌ڵ ده‌ستوورێكی مه‌ده‌نی و دیموكراسیم.
ده‌ستووری هه‌رێم
ئه‌گه‌ر ئیسلامكردن به سه‌رچاوه بۆ ئه‌و ده‌قانه بێت، بۆ ئه‌و پرس و شه‌رعه بێت، كه ده‌گونجێت له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه بۆ به‌ڕێوبردنی دونیایه‌ك له دیدی ئه‌م دونیایه‌وه، پێموابێت هه‌موو لایه‌نه ئه‌رێنییه‌كانی ئیسلامی ده‌توانیت ته‌وزیف بكه‌ین، له قۆناغه‌كانی جیاوازی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئیسلامدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه بێت بڵێی هه‌موو شت له دیدی ئیسلام بێت، كتومت وه‌ك سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بێت و به چه‌مكی سه‌له‌فی بێت، من پێم وابێت هه‌رگیز ئه‌وه نایه‌ته دی. مه‌به‌ستم له سه‌له‌فییه توندڕه كۆمهڵكوژهكانه، نه‌ك خه‌ڵكی دیكه ئازاده له سه‌له‌فی، هه‌یه زۆر به ئارامی بیر ده‌كاته‌وه. هه‌ندێك سه‌له‌فی ته‌كفیری ده‌سه‌ڵات و مرۆڤی پێ خراپه و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی قبووڵه.
ده‌ستووری عێراق، هاوسه‌نگی له نێوان دین و دونیا كردووه. هاوسه‌نگی هه‌یه. دیموكرات و تا راده‌یه‌ك عه‌لمانی و مه‌ده‌نییه‌كان، تا راده‌یه‌ك به‌شی خۆیان له ده‌ستوور ده‌دۆزنه‌وه. دینییه شیعییه‌كان تاڕاده‌یه‌كی زیاتر به‌شی خۆیان ده‌دۆزنه‌وه. پێموایه ده‌ستووری عێراق به نسبه‌ت مه‌ده‌نی و دیموكراتییه‌وه نوقسانه، هه‌ژموونی مه‌زهه‌بی به‌سه‌ره‌وه دیاره. ئازادی راده‌بڕین هه‌یه تێیدا.
هه‌ڵبژاردن لای من پێوه‌ری دیموكراسی نییه
پێم وایه كوتومت كۆپیكردنی ده‌ستووری عه‌لمانی و هه‌موو ئه‌و ئازادیانه‌ی له ئه‌وروپا هه‌یه و سه‌پاندنی بۆ ئه‌م قۆناغه ناگونجێت. مومكینه 20 یان 25 ساڵی دیكه، زۆر گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی له زیهنییه‌تی خه‌ڵك له گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی خه‌ڵك به‌دی بێت. ئێمه له دنیای خێراییداین ئێستا. تۆ بڵێ ئێستا سۆشیالیزم وه‌كو له دنیای سۆشیالیزم هه‌یه ئه‌سه‌پێندرێت، بهههڵهداچوونێكی گه‌وره‌یه. بڵێ ئه‌و ئازادی و لیبراڵییه‌ی له ئه‌وروپا هه‌یه، له وڵاتی ئێمه ده‌سه‌پێندرێت زۆر قورسه. ئه‌و سیكۆلاریستهی له وڵاتانی جیهان هه‌یه هه‌ندێك لایه‌نی لێره ده‌سه‌پێندرێت زۆر قورسی ده‌بینم.
شیعه و سوننه
قسه‌یه‌كی سه‌رۆك وه‌زیرانی سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌م له به‌ریتانیا وێنستۆن چه‌رچڵ هه‌یه ده‌ڵێت: "هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌و حكومه‌ته‌ی قابیله كه حوكمی ده‌كات"، دیاره عێراق ئه‌و حكومه‌ته‌ی قابیله كه ئێستا حوكمی ده‌كات. ئاستی تێگه‌یشتن و گۆڕانكارییه‌كانی له دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق و دوای ئه‌وه‌ی شیوعی و حزبه نیشتمانی و دیموكراسییه‌كان داده‌مه‌زرێن و دوای هاتنی به‌عسیش، به درێژایی مێژوو كه‌مترین ئیش كراوه بۆ گۆڕینی زیهنییه‌تی خه‌ڵك. به پێچه‌وانه‌وه هێزه ئیسلامی و شیعییه‌كان سوننیه‌كان ئیشی زۆرتریان كردووه بۆ "ته‌عبیئه" كردنی خه‌ڵك. ئه‌گه‌ر وانییه، ئه‌گه‌ر ئیسلامییه‌كان، شیعه و سوننه‌كان زیاتر له چه‌پ و عه‌لمانی و دیموكراسی و نیشتمانپه‌روه‌ر و مه‌ده‌نییه‌كان ئیشیان نه‌كردووه، بۆ له دوای رووخانی سه‌دام له هه‌ڵبژاردندا كه‌مترین كورسی مه‌ده‌نییه‌كان به‌ده‌ستیان هێنا و زۆرترین مه‌زهه‌بییه‌كانی شیعه‌كان به‌ده‌ستیان هێنا.
عه‌لمانییه‌ت شكستیهێناوه؟
پێم وایه عه‌لمانییه‌ت و دیموكراسی له یه‌ك دانابڕێن. هه‌ر سیسته‌مێك دیموكراسی نه‌بێت، ناتوانێت عه‌لمانی بێت. هه‌ر سیسته‌مێكیش بیه‌وێت عه‌لمانی بێت، ده‌بێت دیموكراسیی بێت. هه‌ردووكی په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیان له نێواندایه. هه‌موو ئه‌و سیسته‌مانه‌ی به درێژایی مێژوو له ناو عه‌ره‌بدا وتویانه عه‌لمانین و دیموكراسیمان قبوڵ نییه شكستیان هێناوه و راستیشیان نه‌كرد. باشترین به‌ڵگه ئه‌وه‌یه به درێژایی ئه‌و مێژووه، یه‌ك دامه‌زراوه‌ی ئاینی سه‌له‌فی لاواز نه‌كرا، به‌ڵكو به‌هێز ده‌كرا. ئه‌زهه‌ر جیاوازیشی هه‌یه له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی دیكه‌ی ئاینی و لاواز نه‌كراوه و كرانه‌وه‌ی زیاتر تێدایه به‌راورد به دامه‌زراوه‌كانی دیكه.
دوا به‌یاننامه‌یه‌ك، كه سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ریانكرد، زۆر جه‌ختیان له‌سه‌ر دنیای مه‌ده‌نی و ئه‌م سه‌رده‌مه كردووه‌ته‌وه. به‌ڵام شیعه له "ئیجتهاد"دا زۆر كراوه‌ترن له دنیای سوننه. قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌و سیسته‌مانه‌ی هه‌بوون، عه‌لمانی نه‌بوون. عه‌لمانی پۆشینێك بوو، خۆیان پێی پۆشیی بوو. له ژێر كاریگه‌ری ئینگلیز و ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات خرابووه به‌رنامه‌یانه‌وه. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌كی دیموكراتی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی له وڵاتی ئێمه هه‌بووه و ئه‌مه‌ی داناوه.
ناویان چی بوو
به‌عسییه‌كان، فاشیه‌ت نموونه‌ی عه‌لمانی نییه و دژی عه‌لمانییه. ئه‌گه‌ر فاشییه‌كان نموونه‌ی عه‌لمانی بن له لایه‌ن ئیسلامییه‌كانه‌وه، خۆ ئه‌بو عه‌باسی سهفاحیش ئیسلامییه و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی بوو، حه‌جاجی كوڕی یوسفی سه‌قه‌فی نموونه‌ی ئیسلامییه؟ كه هه‌شت هه‌زار دیل له كوفه ده‌كوژێت و گردێك له كه‌لله سه‌ر درووست ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌وانه به نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی ده‌زانن، منیش فاشییه‌كان به عه‌لمانی ده‌زانم.
ده‌سه‌ڵاتی ئێمه عه‌لمانییه؟
به ره‌سمی و به راشكاوی، له‌و یاسا و رێسایانه‌ی له وڵاتی ئێمه هه‌یه عه‌لمانیه‌ت ته‌به‌نی نه‌كراوه. ناشتوانم ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراسی ته‌واو بزانم. ئێمه سه‌ره‌تاكانی دیموكراسی ده‌ستمان پێكرد، كه‌وتینه قۆناغی گوزه‌ری دیموكراسی و تووشی گرفتی گه‌وره هاتووین له (10-15) ساڵی رابردوودا. ئه‌سڵه‌ن له (1994)ه‌وه ئێمه پڕۆژه‌مان نه‌ماوه. له (1991 - 1993) پڕۆژه هه‌یه. ئۆتۆنۆمی ده‌كرێت به فیدراڵ، "مجلسی ته‌شریعی" ده‌كرێت به "په‌رله‌مان" و "مه‌جلیسی ته‌نفیزی" ده‌كرێت به "حكومه‌تی كوردستان" و له (1994) كه شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ستپێده‌كات، ئێمه خه‌وی گه‌وره‌مان نییه و خه‌ونه‌كانمان وه‌ستاون.
له به‌رامبه‌ردا ته‌نانه‌ت هێزه‌كانی ئێمه، كه به خۆیان ده‌ڵێن عه‌لمانی و دیموكراسی، له‌وه تێناگه‌ن میلله‌ته‌كه له‌گه‌ڵ دیموكراسیه‌ت و عه‌لمانییه‌ته، به‌ڵام ئه‌مان دیموكراسی و عه‌لمانی نین. میله‌ته‌كه كه هه‌موویان ده‌نگ به ئیسلامییه‌كان ناده‌ن، واته به‌دیله‌كه‌یان قبووله و خاوه‌نی به‌دیله‌كه، كه عه‌لمانییه‌كانن خاوه‌ندارێتییه‌كه ناكات.