فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا پەكەكە لە چیای دڕەبی بۆردومان دەكەن
"لە بۆردومانەكەدا تونێكی پەكەكە لە چای دڕەبی كراوەتە ئامانج"

K24 - رواندز
فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بەچڕی پەکەکە لە چیای دڕەبی لە سنووری شارەدێی وەرتێی سەر بە قەزای رواندز بۆردومان دەکەن...
موسلیح زرار، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە كوردستان24ی راگەیاند: "فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە سەختی پەكەكەیان لە چیای درەبی بۆردومان كرد. بەگوێرەی زانیارییەكان تونێلێكی پەكەكەیان لەو چیایە كردووەتە ئامانج".
گوتیشی: "بەھۆی بوونی پەكەكە ھاووڵاتییانی ناوچەكە چەند ساڵێكە ناتوانن بچنە ئەو چیایە".
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان ھاوكات: "فڕۆکە جەنگییەكانی تورکیا بارەگانی پەكەكەیان لە لوتکە چیاکانی نێوان قەڵاتووکان و سوردێ و شاخی بێرمکەیان لە شارەدێی سەنگەسەری سنووری قەزای پشدەر بۆردومان كردووە".
چیای دڕەبی لە سنووری شارەدێی وەرتێ لە رووی جوگرافیەوە نزیكە لە چیای قەندیل و چەند ساڵێكە پەكەكە جموجۆڵیان لەو چیایە ھەیە، پێشتریش بەھۆی بوونی پەكەكە زینی وەرتێ نزیك لە دڕەبی بوردومان كراوە.
