واشنتن: ھیچ دەستپێشخەرییه‌كی یەكلایەنەمان نییه‌ بۆ ئەوەی ئێران بگەڕێتەوە بۆ دانوستان

"پابەندبوون بەرامبەر بە پابەندبوون"

نید برایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا
نید برایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا

K24 - ھەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، "ئێران ھەڵە دەكات ئەگەر وابزانێت دواخستنی گەڕانەوە بۆ دانوستانەكان دەبێتە مایەی ھەڵگرتنی سزاكان لەسەری". گوتیشی: واشنتن ھیچ دەستپێشخەری یەكلایەنە یاخود ھاندان پێشكەش ناكات بۆ راكێشانی ئێران بەرەو مێزی دانوستان.

ویلایەتە یەكگرتووەكان، دوێنی جارێكی دیكە، جەختیكردەوە لەوەی ھێچ ھاندانێكی یەكلایەنەی نابێت بۆ ئێران بۆ رازیكردنی تاكو ئامادەی دانوستانەكانی تایبەتمەند بێت بە پابەندبوونی ھەردوو لایەن بە رێككەوتنی ئەتۆمیی واژووكراو لە ساڵی 2015.

نید برایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، دوێنی پێنجشەمە بە رۆژنامەنووسانی گوت: "ھیچ دەستپێشخەرییەك یان ھاندانی یەكلایەنە ناخەینەڕوو بۆ راكێشانی ئێران بۆ دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان. ئەگەر ئێرانییەكان وا مەزندە بكەن كە جوڵەنەكردنیان بەرەو پابەندبوونی تەواویان بە رێككەوتنی ئەتۆمی، وامان لێدەكات ئیمتیازات و دەستپێشخەری یەكلایەنه‌ پێشكەش بكەین، ئەو مەزندەیان ھەڵەیە".

برایس ئاماژەیكرد، لەگەڵ دانیشتن بۆ دانوستان، واشنتن لێكۆڵینەوە لەو ھەنگاوانەی ھەردوو لایەن دەگرنەبەر بۆ دەستپێكردنەوەی پابەندبوون  بە رێككەوتنەكە. روونیشیكردەوە، "تەنھا لەكاتی دانیشتنی تاران لەسەر مێزی دانوستان ئامادە دەبین لێكۆڵینەوە لەو پێشنیازانە بكەین، كە ھەردوو لایەن دەخەنەوە سەر رێڕەوی پابەندبوونی ھاوبەش بە رێككەوتنەكە". گوتیشی: "لە كۆتاییدا ئێمە ھەوڵ دەدەین بگەین بە: پابەندبوون بەرامبەر بە پابەندبوون".