ئەنجومەنی ئاسایش داوای كشانەوەی ھێزەكانی بیانی و چەكدارە بەكرێگیراوەكان دەكات لە لیبیا

ئەنجومەنی ئاسایش داوا لە گشت وڵاتانی ئەندام دەكات بەتەواوی رێز لەبڕیاری قەدەغەكردنی چەك بگرن

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

K24 – ھەولێر:

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رۆژی ھەینی، بە كۆی دەنگی ئەندامانی لە راگەیاندراوێكدا، كە گشتیان رەزامەندبوون لەسەری، داوای كشانەوەی تەواوی ھێزە بیانییەكان و چەكدارە بەكرێگیراوەكانیان كرد لە لیبیا بێ ئەوەی زیاتر خۆیان دوابخەن" و پێشوازیشی لە متمانەپێدانی پەرلەمانی لیبیا بەحكومەتی گواستنەوە لە وڵاتدا كرد.

لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە، "ئەنجومەنی ئاسایش داوا لە گشت لایەنەكان دەكات رێككەوتنی ئاگربەست (23ى ئۆكتۆبەر) بەتەواوی جێبەجێبكەن و ھانی وڵاتانی ئەندامیش دەدات رێز لە رێككەوتنەكە بگرن و پشتیوانی لە جێبەجێكردنی بكەن بەتەواوی".

بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان، تا كۆتایی ساڵی 2020 نزیكەی 20 ھەزار سەرباز و چەكداری بەكرێگیراو لە لیبیا بوون و تاكو ئێستا نەزانراوە ھیچ جۆڵەیەك كرابێت بۆ كشانەوەيان.

ھەر لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە، "ئەنجوومەنی ئاسایش داوا لە گشت وڵاتانی ئەندام دەكات بەتەواوی رێز لەبڕیاری قەدەغەكردنى چەك بگرن، كە نەتەوە یەكگرتووەكان بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییش پەیوەست بە لیبیاوە سەپاندوویەتی".

بەپێی شارەزایانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوانەی راسپێردراون بۆ چاودێریكرنی بڕیاری قەدەغەكردنی چەك، كە لە ساڵی 2011وە سەپێندراوە، چەند ساڵە بەشێوەیەكی رێكخراو پێشێل دەكرێت.

ھەروەھا لە راگەیاندراوەكەدا، "ئەنجوومەنی ئاسایش داندەنێت بە پێویستی پلاندانان بۆ داماڵینی چەكی گرووپە چەكدارەكان و دوورخستنەوەیان لەكاری چەكداری و دواتر تێكەڵكردنەوەیان لەگەڵ كۆمەڵگا و ئەنجامدانی چاكسازی لە كەرتی ئەمنیدا و درووستكردنی كڵێشەیەكی ئەمنی گشتگیر بەسەركردایەتییەكی مەدەنی بۆ گشت لیبیا.