رێژەی هەژاری لە تورکیا بەرزبووەتەوە

زۆرینەی دانیشتووانی تورکیا توانای کڕینیان لاواز بووە

رێژەی هەژاری لە تورکیا بەرزبووەتەوە
رێژەی هەژاری لە تورکیا بەرزبووەتەوە

K24 – ھەولێر:

بەهۆی کەڵەکەبوونی قەیرانەکانەوە تا دێت توانای کڕینی دانیشتووانی تورکیا لاوازتر دەبێت و نرخی کاڵاکانیش بەرزتر دەبنەوە، دانیشتووانی ئەنقەرە ناچارن روو لە بازاڕێکی میللی بکەن بەهۆی هەرزانی نرخی كەلوپەلەکان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی شارەکە لە توانایاندا نییە پێداویستییەکانی رۆژانەیان بکڕن.

زۆرینەی دانیشتووانی تورکیا لە دابینکردنی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانەیان دووچاری سەختی دەبنەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی نرخەکان رۆژانە بەردەوام بەرز دەبنەوە.

بەهۆی هەرزانی نرخەکانەوە، دانیشتووانی ئەنقەرە زیاتر روو لەو بازاڕی مللی دەکەن، سەرەڕای ئەوەش زۆرینەی دانیشتووانی شارەکە لە توانایاندا نییە لەو بازاڕەش کەلوپەل بکڕن.

گولای ئوسار، دانیشتووی ئەنقەرە گوتی: "تەنیا هاوسەرەکەم مووچه‌ی هەیە، ناتوانین رۆژەکانمان بە ئاسایی بەڕێ بکەین. چۆن کەسێک دەتوانێت خێزانێكی چوار بۆ پێنج کەسی لەسەر شانی بێت  پێداویستییەکانیان پڕ بکاتەوە؟ چۆن دەتوانێت خانوویەک بە کرێ بگرێت؟ دەبێت بیر لەو کەسانە بکەینەوە، ئەوان دەڵێن: نرخەکان به‌رز نییە و هەمووشتێک هەرزانە. به‌ڵام نرخەکان زۆر بەرزن، بە گوتەی دەسەڵاتداران هەموو شتێک باشە، بەڵام بۆ ئه‌وان وایە، چونکە بیر لە هاووڵاتییان ناکەنەوە و تەنیا بیر لە خۆیان دەکەنەوە."

هەندێک خۆراکی وەک زەیت و شیرەمەنییەکان، لەم ماوەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە. ئەوەش وایکردووە، ئەو کەسانەی داهاتیان سنووردارە لە ناکاو بکەونە بازنەی هەژاری، رۆژانە لە دابینکردنی خۆراک لە گرفتدان.

ئەحمەد نارین، دانیشتووی ئەنقەرە گوتی:"چۆن دەبێت نرخی زه‌یت لە ماوەی مانگێکدا چوار جار بەرزبکرێتەوە؟ ئەوە تەنیا لە زەیت روویداوە؟ ئایا زەیتوون لە وڵاتەکە نەماوە؟ ئایا کارگەکانی گوشینی زەیتوون وڵاتیان جێهێشتووە؟ ئەوە چی دەگوزەرێت؟ چی لە وڵاتدا روویداوە بۆ ئەوەی بگەینە ئەم خاڵە؟"

لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ئابووری تورکیا لە قەیراندا بوو، بەڵام کۆرۆنا قەیرانەکانی قووڵتر کردووەتەوە، ئاماژەکانی پێنوێنی هەڵاوسان و بەهای لیرە ئەرێنی نین.

بە گوێرەی راپۆرتی بانکی جیهانی، کە مانگی نیسانی 2020 بەر لە تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا بڵاوکراوەتەوە، سەدا 13.9 دانیشتووانی تورکیا لە ژێر هێڵی هەژاریدان و داهاتی رۆژانەی هەر تاکێک 4 دۆلار و 30 سەنتە.