گرووپە چەکدارەکان 15 هاووڵاتی لە دەوروبەری عەفرین دەڕفێنن
"رفاندنی ئەو هاووڵاتیانە لەلایەن گرووپەکانەوە بۆ ئەوەیە لە خانووی هاووڵاتیان کەسوکاری چەکدارەكان نیشتەجێ بکرێن"
K24 – ھەولێر:
چالاکوانێک لە عەفرینەوە بە کوردستان24ی راگەیاند چەکدارانی گروپی هەمزات سەمەرقەند هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی کەفەر دلیە و 15 کەسیان رفاندووە، کە دوو کەسیان هاووڵاتی کوردن و ئەوانی دیكە لەو عەربانەن كە لە ناوچە كوردییەكان نیشتەجێكراون و دەستیان بەسەر خانوو و ماڵەكانی كورددا گرتوون.
چالاکوانەکە گوتیشی: رفاندنی ئەو هاووڵاتیانە لەلایەن گروپەکانەوە بۆ ئەوەیە لە خانووی هاووڵاتیان کەسوکاری چەکدارەكان نیشتەجێ بکرێن.
چالاكوانەكە ئاشكراشیكرد، ئەو دوو ھاووڵاتییە كوردەی گیراون یەكێكیان ناوی، كەمال "مستەفا عەلی"یە و ئەوی دیكەیان "جیھاد مستەفا عەلی"یە و چەكدارەكان تەنھا ئەو دوو كوردەیان ئەشكەنجە داون و عەرەبە ھاوردەكانیان ئەشكەنجە نەداون.