نوێنه‌ری ئێران له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وه‌ڵامی ئه‌مه‌ریكا ده‌داته‌وه‌

"ئێران په‌یوه‌ندی به‌ هێرشه‌كانی سه‌ر ئه‌مه‌ریكاوه‌ نییه‌ له‌ عێراق"

نمایشی گروپەكانی سەر بە ئێران لە عێراق
نمایشی گروپەكانی سەر بە ئێران لە عێراق

K24- ھەولێر:

وێڕای ئەو ھەڕەشانەی بەرپرسە سیاسی و سەربازییەكانی ئێران دەیكەن لەمەڕ بە ئامانجكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا نەك تەنھا لە عێراق بەڵكو لە گشت شوێنك وەك تۆڵەسەندنەوە لە كوژرانی فەرمانداری فەیلەقی قودسی پاسداران، قاسم سولەیمانی و زانا ئەتۆمییەكەی فەخری زادە، كەچی تاران تا ئەمڕۆش خۆی دەدزێتەوە لە بەرپرسیارییەتی لەو ھێرشانەی میلیشیان ئەنجامی دەدەن.

لەم بارەوە نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان، مەجید تەخت رەوانچی گوتی: وڵاتەكەی لەو ھێرشانەی ئەم دواییە بۆ سەر بنكەكانی ئەمەریكا لە عێراق تێوەنەگلاوە، بەڵام ھاوكاتیش ھێزەكانی ئەمەریكا تۆمەتباركرد، بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی بەھۆی ئەو گورزە ئاسمانییانەی گرووپەكانی سەر بەئێران دەكەنە ئامانج لە ناوچەكەدا و بە تایبەتی لە عێراق.

ئەو لێدوانانەی نوێنەری ئێران وەك وەڵامدانەوە ھات بۆ ئەو تۆمەتانەی نوێنەری ئەمەریكا ئاراستەی ئێرانی كرد، لەوەی بەرپرسیارییەتی ھێرشەكانی گرووپە چەكدارەكانی لە عێراق خستە ئەستۆی ئێرانەوە.

نوێنەری ئێران ھەوڵیدا بەرپرسیارییەتی ئەو گرژیانەی ئەم دواییە لە ناوچەكەدا بخاتە ئەستۆی ئەمەریكا بەوەی ھۆكارەكەی تێوه‌گلانی واشنتنە لەو ھێرشانەی كرانە سەر گرووپە چەكدارەكان لە نزیك سنووری سووریا لە 25 مانگی شوباتی رابردوو.

ئاشكرایە ئێران بەردەوامە لە سەر سیاسەتی فێڵكردن بەوەی بەرپرسە باڵاكان بەردەوام ھەڕەشە لە واشنتن دەكەن، تەنانەت رابەری باڵای ئێران، عەلی خامەنەیی ھەڕەشەی ئاشكرای ئاراستەی ھێزەكانی ئەمەریكا كرد نەك تەنھا ئەو ھێزانەی لە عێراقن، بەڵكو لە تەواوی ناوچەی كەنداو.

دیارترین ھەڕەشەی سەركردە سەربازییەكانی ئێران ئەوە بوو، كە جێگری فەرمانداری پاسدارانی ئێرانی، محەمەد ساڵح جوكار لە كاتی ماوەی سەرۆكی پێشوو، دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2019، رایگەیاند، مووشەكە ئێرانییەكان دەتوانن بگەنە كەشتییە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە كەنداو و ئەمەش نیگەرانی ھەڵگیرسانی شەڕێكی وێرانكارەی لێكرا.

ھەروەھا باڵیۆزی ئێران، ئیرەج مەسجدی چەندین جار ھەڕەشەی لە ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كردووە و داوای كشانەوەیانی كردووە، ئەوەش بووە مایەی رەخنەیەكی زۆر لە لایەن بەرپرسانی عێراقی و ھێزە سیاسییەكانی دژ بەدەستوەردانی ئێران لە كاروباری عێراق، بەڵام ئەو گروپە چەكدارانەی سەر بە تاران، كە زۆربەیان لە ریزەكانی حەشدی شەعبی دانە، ھێشتا پلانەكانی ئێران جێبەجێدەكەن و لە شەقامەكانی عێراق نمایشی ئاڵا و وێنەی بەرپرسانی ئێرانی دەكەن.

وێڕای گشت ئەو بەڵگانەی ئاماژە بە ھاندانی ئێران دەكەن لە بە ئامانجكردنی ھێزەكانی ئەمەریكا و باڵیۆزخانەی واشنتن لە ناوچەی سەوز بەڕێگای باڵەكانی، بەڵام تاران ھێشتا ھەر سەر سەختی پیشاندەدات لە دیمەنێكی سریالیدا، تیێیدا قەبارەی ئەو یاریانەی ئێران پێشان دەدات، كە ئێتر لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی شاراوە نییە.

ئێران دەیەوێت فشار بخاتە سەر ئیدارەی بایدن بۆ ئەوەی سازش بكات لە بارەی دۆسیەی ئەتۆمی، ھەروەھا رەتیشدەكاتە بگەڕێتەوە سەر رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 بەبێ ئەوەی سزاكان وەلانەنرێن، ئەوەش تاكو ئێستا لای لایەنی ئەمەریكایی جێگای قبووڵكردن نیە.

سەرچاوە: "میدل ایست اونلاین"