دژی زیادكردنی "شاره‌زایانی فیقهی ئیسلام" بۆ ده‌سته‌ی دادوه‌رانی ئیتیحادی خۆپیشاندان كرا

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ خۆپیشاندان له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق كران و خۆپیشانده‌ران ناڕه‌زاییان له‌ دژی دابه‌شكاری سیاسی له‌ باره‌ی دادگای ئیتحادی و خراپی گوزه‌رانیان ده‌ربڕی.

دیمه‌نێكی رووداوه‌كه‌
دیمه‌نێكی رووداوه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ خۆپیشاندان له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق كران و خۆپیشانده‌ران ناڕه‌زاییان له‌ دژی دابه‌شكاری سیاسی له‌ باره‌ی دادگای ئیتحادی و خراپی گوزه‌رانیان ده‌ربڕی.

خۆپیشانده‌رانی شاره‌كانی باشووری عێراق بڕوایان وایه‌، زیادكردنی شاره‌زایانی فیقهی ئیسلام بۆ ده‌سته‌ی دادوه‌رانی دادگاكه‌ به‌ هۆكاری قووڵكردنه‌وه‌ی گیانی تائیفی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

له‌ زیقار و نه‌جه‌ف و بابل، خۆپیشانده‌ران داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پارێزگاره‌كانیان كرد و دژی ئه‌وه‌ هه‌وڵانه‌ش ده‌نگیان هه‌ڵبڕی، كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت كه‌سانی نزیك له‌ خۆیان بخزێننه‌ ریزی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دادوه‌ری دادگای ئیتیحادی.

كوتله‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ نه‌یانتوانی له‌ باره‌ی سێ مادده‌ی پڕۆژه‌ یاسای دادگای باڵای ئیتحادی بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.

سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بڕیاری دا دانیشتنی نوێنه‌ران كاتژمێر (07:00)ی ئێواره‌ ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌ بچێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت درێژه‌ به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر مادده‌كانی پڕۆژه‌ یاساكه‌ بدرێت.

بڕیار بوو دانیشتنه‌كه‌ كاتژمێر (11:00)ی پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام به‌ هۆی ئاماده‌نه‌بوونی ژماره‌ی یاسایی نوێنه‌رانه‌وه‌ دواخرا.

ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆكی كوتله‌ سیاسییه‌كان پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ رێككه‌وتنێك له‌ باره‌ی ئه‌و سێ مادده‌یه‌ی ناكۆكیان له‌ باره‌وه‌ هه‌بوو.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ناكۆكییه‌كان له‌ باره‌ی ئه‌و ماددانه‌وه‌ هۆكاری ئاماده‌نه‌بوونی كوتله‌ سیاسییه‌كانه‌ له‌ دانیشتنی ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌.

محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كوتله‌كان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام ئه‌ویش هیچ ئه‌نجامێكی لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

عامر فایز، ئه‌ندامی سه‌ربه‌خۆ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران رایگه‌یاند، ناكۆكی و كێشه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر  مادده‌كانی (2، 3، 12)ی پڕۆژه‌ یاساكه‌ن، كه‌ هێشتا یه‌كلا نه‌كراونه‌ته‌وه‌.