ھێزەكانی ئەمەریكا لە نێوان كەركووك و نەینەوا نیشەجێ كران

بەسەدان لە ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە دەستنیشانكراوی ھێزەكانی ئەمەریكا لە چیای "قەرەچووغ"ی سەر بە قەزای مەخموور نیشەجێبوون

ئەرشیف
ئەرشیف

K24- ھەولێر:

سەرچاوەیەكی ئەمنی، ئەمڕۆ دووشەممە، ھێزێكی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناحیەی قەراج جێگیركران لە نزیك ناوچەی سەرگەڕان لە نێوان پارێزگای نینەوا و كەركووك.

سەرچاوەكە بە ئاژانسی "المعلومة"ی رایگەیاندووە، بەسەدان لە ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە دەستنیشانكراوی ھێزەكانی ئەمەریكا لە چیای "قەرەچووغ"ی سەر بە قەزای مەخموور نیشەجێبوون و چەند گەڕێكی چاودێریان لەو ناوچانە ئەنجامدا".

گوتیشی: "ھێزەكان چەند مەته‌رێزێكی سەربازییان درووستكرد و چەند رۆژێكە فڕۆكەكانی ئەمەریكا چاودێری ناوچەكان لە كەركووك و گوێڕ و ناوچەكانی باشووری مووسڵ لە پارێزگاك نینەوا دەكەن، وەك ھەوڵێك بۆ دابینكردنی ئاسایشی ناوچەكانی دەوروبەری شاری ھەولێر".

فەرماندەی میحوەری6 (گوێڕ - مەخموور) لە 13ی ئەم مانگە ئاشكرای كرد، ھێزەكانی ھاوپەیمانان بە ھاوكاری ھێزی پێشمەرگە لە ماوەی 12 كاتژمێردا، 12 بنكە و حەشارگەی داعشیان لە چیای قەرەچووغ خاپوور كرد.

سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری6 (گوێڕ - مەخموور) رایگەیاند: "له 12 كاتژمێرى رابردوو، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان به هەماهەنگى لەگەڵ پێشمەرگه، 11 جار بە 21 مووشەک، 12 بنكه و حەشارگەى تيرۆرستانی داعشيان له چیای قەرەچووغ  خاپوور کرد".

چەند رۆژێكە ئۆپەراسیۆنی ھێزەكانی ھاوپەیمانان بە ھاوكاری ھێزی پێشمەرگە بۆ سەر بنكە و حەشارگەكانی داعش لە چیای قەرەچووغ دەستیپێكردووە.