نوێنه‌رى په‌يه‌ده‌ له‌گه‌ڵ سێرگى لاڤرۆڤ كۆبوويه‌وه‌

نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی كورديى (پەیەدە) لە فەرەنسا خالید عیسا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ لە ڤیەننا کۆبوويه‌وه

K24 – هه‌ولێر:

نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی كورديى (پەیەدە) لە فەرەنسا خالید عیسا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ لە ڤیەننا کۆبوويه‌وه‌، ئەمەش دوای ئەوەی نوێنەری پەیەدە بەفەرمی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیاوە بانگھێشتکرابوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیاى رووسیا، لاڤرۆڤ، پشتگیریی مۆسکۆی بۆ پەیەدە دووپاتکردووەتەوە و چەندین جاریش رایگەیاندووە کە پێویستە نوێنەری پەیەدە بەشداری لە دانووستانەکانی جنێفدا بکات، بەڵام تا ئێستا ھیچ لایەنێکی پەیوەندیدار یان رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بانگھێشتی نوێنەری پەیەدەی بۆ دانوستانەكانی جنێف  نەکردووە.

کۆبوونەوەی لاڤرۆڤ و بەرپرسەکەی پەيەدە، راستەوخۆ لەدوای کۆبوونەوەی لاڤرۆڤ و  جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دێت کە لە ڤییەنا بەڕێوەچوو  تایبەت بوو بە ھەنگاوی داھاتووی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە چارەنووسی سووریا و کۆتاییھێنان  بە شەڕ لەو وڵاتەدا.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران رايگه‌ياند، كۆبوونەوەی ئەمجارەی ڤییەنا دەبێ پێداگری لەسەر چەسپاندنی ئاگربەست لە سووریا بكاتەوە.

ئەمڕۆ بەئامادەبوونی بەرپرسانی 19 وڵاتی جیھان كۆبوونەوەكانی تایبەت بە قەیرانی سووریا لە ڤییەنا دەستپێدەكاتەوە و  محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بەشداری دەكات.

لە كاتی گەیشتنی بۆ نەمسا زەریف بە راگەیاندنەكانی وتووە، دەبێت كۆبوونەوەی ئەمجارە كار بۆ چەسپاندنی ئاگربەست بكات. بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران تیرۆریستان كەڵكیان لە ئاگربەست وەرگرتووە و خۆیان رێكخستووه‌تەوە.