كازمى: ئامانجی كرده‌ چه‌كدارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی به‌غدا بۆ شێواندنی دۆخی عێراقه

مسته‌فا كازمی: هیچ وڵاتێك به‌ ڕێژه‌ی 96% پشت به‌ داهاتی نه‌وت نابه‌ستێت، ته‌نیا وڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌كان نه‌بن ‌

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق

K24- هه‌ولێر:

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی كرده‌ چه‌كدارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی گرووپی میلیشیایی "ربع الله" له‌ شاری به‌غدا گوتی: "ئامانج له‌و نماییشه‌ چه‌كدارییه‌ بۆ نانه‌وه‌ی پشێوی و دوورخستنه‌وه‌ی عێراقه‌ له‌ رۆڵه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی".

ئه‌م گوتانه‌ی كازمی له‌میانه‌ی رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی بینایه‌ی نوێی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی عێراقیدا هاتوون و دووپاتیكرده‌وه‌، "هه‌ندێك له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ به‌ چه‌ك ده‌توانن هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت بكه‌ن"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و گروپه‌ی ناوی له‌خۆ ناوه‌ "ربع الله" و ئه‌مڕۆ له‌ كرده‌یه‌كی چه‌كداریدا نماییشێكی فراوانی له‌ شه‌قامه‌كانی شاری به‌غدا له‌به‌رچاوی هه‌موو لایه‌ك ئه‌نجامدا و هه‌ڕه‌شه‌ی خوێناوییان له‌ مسته‌فا كازمی و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ی عێراقییان كرد.

كازمی له‌ گوته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "پێویسته‌ رۆژنامه‌گه‌ری له‌ وڵات ره‌خنه‌ له‌ هه‌ر حاڵه‌تێك بگرێت، كه‌ پێشتریش رۆژنامه‌نووسان له‌ دژی تایفه‌گه‌ری توندڕه‌وی خۆسه‌پێن جه‌نگاون و رۆڵێكی بوێرانه‌یان له‌وباره‌یه‌وه‌ نیشانداوه‌".

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گوتی: "با جه‌نگ و چه‌ك به‌س بێت، ئه‌و حكومه‌ته‌ له‌ دۆخێكی سه‌ختدا پێكهێنراوه‌ و كاغه‌زی سپیمان بۆ چاكسازی له‌ دۆخی ئابووریدا پێشكه‌شكردووه‌".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ئه‌ركی حكومه‌ت ته‌نیا ره‌خساندنی زه‌مینه‌سازییه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و ئازادانه‌" و گوتیشی: "هیچ وڵاتێك به‌ڕێژه‌ی 96% پشت به‌ داهاتی نه‌وت نابه‌ستێت، ته‌نیا وڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌كان نه‌بن".

ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك چه‌كدارای میلیشیای "ربع الله" له‌ به‌غدا، مانۆرێكی سه‌ربازییان ئه‌نجامدا و به‌ جلوبه‌رگ و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی، له‌ناو شه‌قامه‌كانی به‌غدای پایته‌ختی عێراقدا سووڕانه‌وه‌.

چه‌كدارانی ئه‌و گرووپه‌ میلیشیاییه‌، وێنه‌یه‌كی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراقیان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هه‌ڕه‌شه‌كه‌یان، له‌ وێنه‌كه‌دا مقه‌ستێكیان له‌ نزیك گوێی كازمی داناوه‌ و و له‌سه‌ریان نووسیوه‌: "كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ گوێی ببڕین".

دواتریش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ به‌ ناوی "رونكردنه‌وه‌" بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌باره‌ی ئه‌و نماییشه‌ چه‌كدارییه‌ی ئه‌مڕۆ گرووپی میلیشیاكانی "ر‌بع الله" له‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراق ئه‌نجامیاندا، ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ره‌تی كرده‌وه‌ هیچ جووڵه‌یه‌كی سه‌ربازیی له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ له‌ناو به‌غدا كرابێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ میدیاكان باس كراوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌وه‌ بكات، ئاخۆ گرووپی "ربع الله‌" سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبین یان نا.

هاوكات ته‌حسین خه‌فاجی، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان رایگه‌یاند، كۆتایی به‌و نمایشه‌ چه‌كدارییه‌ هێنراوه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ شاری به‌غدا ئه‌نجامدرا، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و مانۆڕه‌ی چه‌كدارانی گرووپی میلیشیاكانی "ربع الله" كه‌ له‌ شه‌قامه‌كانی عێراق ده‌خولانه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی خوێناوییان له‌ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌ی عێراقییان ده‌كرد.

H.B