د. جەبار قادر: دەبێت ئەو پەیوەندیانەی لە ماوەی 30 ساڵی رابروودا درووستبوونە شتیان لەسەر درووست بكەین
"دەمانتوانی لەسەر ئاستی سیاسی و درووستكردنی دامودەزگای دەوڵەتیدا ھەنگاوێ زۆر گەورەتر بنێین"
K24 – ھەولێر:
د. جەبار قادر، نووسەر و مامۆستای زانكۆ جەختیكردەوە، دەبێت دوای 30 لە بڕیاری 688 ھەرێمی كوردستان سوود لە پەیوەندییەكانی بەباشترین شێوە وەرگرێت و شتیان لەسەر درووستبكات بۆ بەرژەوەندی گەلی كوردستان.
د. جەبار قادر، نووسەر و مامۆستای زانكۆ لە میانی بەشداریكردنی لە ژووری ھەواڵی كوردستان24 و لە میانی رووماڵكردنی یادی 30 ساڵەی بڕیاری 688ی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە تایبەت بوو بە پاراستنی گەلی كوردستان لە باشووری عێراق، گوتی: "بڕیاری 688 زۆر گرنگ بوو بە ھەزاران كەسی لە گەلی كورد لە باشوور لە مردن رزگاركرد، كە من خۆ یەكێك بووم لەو كەسانەی لەسەر سنوور نێوان عێراق و توركیا بووم لەو كاتەدا. بێگومان بۆ یەكەم جار بەندی 39 لە چاپتەری نەتەوە یەكگرووەكان بە قەیرانی مرۆیی لێكدرایەوە. ھەڵبەتە ئەو خەڵكەی لەدەست رژێمی بەعس رایانكردبوو بە ھەڕەشە دانران لەسەر ئاسایش و ئاشتی ناوچەكە. چونكە ئێران و توركیا زۆر داوایان لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكرد، كە ناتوانن ئەم ھەموو خەڵكە بگرنە خۆیان و كارەساتێكی مرۆیی روودەدات".
گوتیشی: "لە بەختی كورد، شەڕی سارد تازە كۆتایی ھاتبوو، توانییان بەھەندێك گۆڕانكاری، بڕیارەكە تێپەڕێنن، چونكە رووسیا و چین، بەلایانەوە گرنگ بوو لە بڕیارەكەدا پاراستنی سەروەری خاكی عێراق بچەسپێت، ھەرچەندە ھەر نەپارێزرا. بڕیارەكە گرنگیش بوو، چونكە ئیدانەی ئەو كوشتارەی رژێمی بەعسی دەكرد و داوای لێكرا دەستبەجێ رایگرێت و رێگا بە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش بدات بەھانای ئاوارەكانەوە بچن. لە ھەمان بڕیاردا داواكرا، گفتوگۆیەكی كراوە ئەنجامبدرێت بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، ھەرەوەھا داوا لە سكرتێری نەتەوە یەكگگرتووەكان كرا راپۆرتێكی تایبەت ئامادەبكات و ھەموو ئەو كەرەستانە لەبەردەستیەتی بەكاریان بھێنێت بۆ ئەوەی كارەساتێكی مرۆیی روونەدات".
روونیشیكردەوە، "لە دوای ساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردوویەوە، ئەوە یەكەم بڕیار بوو، كە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەركۆنەی كوشتارەكان بكات. ھەڵبەتە بڕیارەكە زۆر پەیوەندیی بە شەڕی ئازادكردنی كوێتەوە ھەبوو. ئەمەریكا و دەوڵەتانی ئەوروپا گومانیان لە لا درووست ببوو لەسەر ئەو تاوانانەی رژێمی سەدام دژ بە كورد كردبووی".
ئاشكراشیكرد، "ھەرچەند كۆڕەوەكە بەشێوەیەكی ھەڕمەكی درووست بوو، بەڵام ئەنجامێكی باشی لێكەوتەوە، بەو ھەنگاوانەی لە دوای كۆڕەو و بڕیارەكەوە ھاتن، یەكێك لەو ھەنگاوانە؛ لێكەوتنەوەی ھەڵبژاردنەكانی باشوور بوو، كە پەرلەمانی لێكەوتەوە و بووە ھۆی چەسپاندنی زیاتر و جێگیركردنی بڕیاری 688. دەكرا زۆر باشتریش بێت، ھەرچەندە ھەرێمی كوردستان زۆر لە 30 ساڵ بەر لە ئێستا جیاوازە، بەڵام دەكرا زۆر لەوە باشتریش بێت، دەمانتوانی لەسەر ئاستی سیاسی و درووستكردنی دامودەزگای دەوڵەتیدا ھەنگاوی زۆر گەورەتر بنێین، بەڵام بەداخەوە ھەموومان دەزانین كۆسپەكان و تەگەرەكان چی بوون. بەداخەوە ئەو ململانێیە سیاسییە بێ واتایەی لە كوردستان ھەیە لە نێوان ھەندێك لە ھێزەكاندا، ھەمیشە كۆسپێك درووستدەكات لە بەردەم ئەوەی كوردستان بتوانێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا خۆی بنوێنێت".
د. جەبار قادر گوتی: "ئەو پەیوەندییانەی لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا بۆ ھەرێمی كوردستان درووستبوونە، بناغەیەكی زۆر گرنگن و دەتوانرێت زۆر شتی لەسەر بونیات بنرێت، بەڵام ھەڵبەتە، زۆربەی شتەكان پەیوەندییان بەخۆمانەوە ھەیە. ئایا ئێمە چۆن لەگەڵ یەكتر ھەڵسوكەوت دەكەین و چەند مافەكانی مرۆڤ دەپارێزین؟ چەند شێوازی دەسەڵاتمان دەكەین بە دەزگا و چەند دەتوانین چاكسازی بكەین و گەندەڵی نەھێڵین و سوپایەكی نیشتیمانی درووست بكەین؟".
جەختیشیكردەوە، "ھەبوونی ئەو راھێنەرە سەربازیانەی دەوڵەتانی رۆژئاوا لە ھەرێمی كوردستان، كە راھێنان بە پێشمەرگە دەكەن، زۆر گرنگە، دەبێت ئێمە پێزانیمان بۆی ھەبێت، دەبێت ئەو پەیوەندیانەی لە ماوەی 30 ساڵی رابروودا درووستبوونە شتیان لەسەر درووست بكەین".