دڵزاری شاعیر كۆچی دواییكرد

گەنجینەیه‌كی پڕ لە سەروەری و شیعر و ورەی بەرز و خۆڕاگری خستە سەر ئەدەبیاتی کوردی
دڵزاری شاعیر
دڵزاری شاعیر

K24 - ھەولێر

ئه‌حمه‌د دڵزار، شاعیر و تێکۆشەری ناسراوی كوردستان، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10ی نیسان/ ئه‌پریلی 2021، لە تەمەنی 101 ساڵیدا لە ھەولێر كۆچی دواییكرد.

ئه‌حمه‌د دڵزاری شاعیر، ساڵی 1920 لە كۆیە لە دایكبووە و لە چلەکانی سەدەی رابردووه‌وه‌ تا دوا تەمەنی، گەنجینەیه‌كی پڕ لە سەروەری و شیعر و ورەی بەرز و خۆڕاگری خستە سەر ئەدەبیاتی کوردی.

دڵزاری شاعیر، جگە سەدان بەرهەمی شیعری بە زمانی کوردی و عەرەبی و نووسین و بیرەوەرییەکانی فەرهەنگی بابا تاهیری هەمەدانی، کە بە زاراوەی لوڕیه،‌ وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زاراوەی سۆرانی. تاكه‌ شاعیری کورده‌ 101 ساڵ تەمەنی تەواو كردووە، له‌ رووی ته‌مه‌ن درێژیشه‌وه‌ دووه‌م شاعیری‌ ‌سه‌ر ئاستی جیهان بوو.

ژیاننامەی دڵزاری شاعیر:

دڵزار کە ناوی تەواوی، ئەحمەد مستەفا محەمەد ئاغای حەوێزییە، لە ساڵی 1920 لە شاری کۆیە و لە بنەماڵەیەکی ناسراو لە دایکبووە.

لە تەمەنی 7 ساڵیدا باوکی رادەستی مەلا ئەسعەدی کردووە و فێری نووسین و خوێندنەوە بووە، ماوەی دوو ساڵێک لە حوجرەی مزگەوت خوێندوویەتی.

لە ساڵی 1929 و لە تەمەنی 9 ساڵیدا دەچێتە بەر خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە، دوای ئەوەی لە ساڵی 1937 بۆ یەکەمجار قوتابخانەی ناوەندی لە کۆیەدا دەکرێتەوە، ئەویش دەچێتە ناوەندی و دواتر دەست لە خوێندن ھەڵدەگرێت.

ساڵی 1959 بە ئەندامی یەکێتی ئەدیبانی عیراق وەرگیراوە. لە ساڵی 1970ش بە ئەندامی یەکەم دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی نووسەرانی کورد ھەڵبژێردرا.

لەنێوان ساڵانی 1974 بۆ ساڵی 1979 نوێنەری بەرەی نیشتیمانی بووە لە لیژنەی ھەولێردا، لەپاڵ ئەمەدا ئەندامی خوولی یەکەمی ئەنجومەنی یاسا دانان بووە لە ھەرێمی کوردستان. لە ساڵی 1975 بە ئەندامی ئەنجومەنی ھاوکاری عێراقی ئاشتی وەرگیرا.

نموونەی شیعرەکانی

شیعرێک دەربارەی ژیانی خۆی

ھەشتی یەکی ھەزار و نۆسەد و نەوەت و دوو

حەفتا و دوو ساڵی ڕەبەق لە تەمەنم تەواو بوو

وەک کەسانێکی ئازاد، ژینی ئاسایی نەژیاین

دوای بەندی و پارتیزانی ئێستاش وا لە غوربەتاین

بەڵام ئەوەی کە مایەی سەبەرزی و شانازییە

سەرشۆرنەکردنمان و خەبات و گیانبازییە

شیعری «تاکەی»

کەوا لەلایەن ھونەرمەند ناسر ڕەزازیەوەش کراوەتە سروود.

ئەی کوردە تاکەی خەریک تاڵانی

خەریکی ماڵی خوێش و خزمانی

تاکەی حەز ئەکەن بە زللەی یەکتر

تاکەی ھەر تینوون بە کەلەی یەکتر

تاکەی تێناگەن تاکەی پێناگەن

تاکەی بەپەندو بێژی کەس ناکەن

تاکەی فەسادی تاکەی کەسادی

ھەتاکەی تیژن لەسەر عینادی

تاکەی مەی نۆشی تاکەی بێ ھۆشی

تاکەی وڵات و میلەت فرۆشی

تاکەی خەریکی ڕامی و پۆکەری

تاکەی مەراقی و کاری جۆکەری

تاکەی حەق نێژی تاکەی خوێنڕێژی

گڵۆڵەی ژینت وا کەوتە لێژی

تاکەی لە وەقتی مەینەت چەقیوون

لەناو میلەتان ھەر وەک ھەتیوون

تاکەی مەحکومی تەکیەو خانەقان

تاکەی بۆ وەتەن بێ وەعدو بەقان

تاکەی ھەر ڕازین بە نیری ملتان

تاکەی ھەست ناکەن بە زامی دڵتان

شیعری «ماھی تابان»

ماھی تابانە ئەسیری شوعلەیی ڕوخساری تۆ

موشکی تاتارە زەبوونی پەرچەمی خونخواری تۆ

چونکە سوتاوە دڵی من وا بە کڵپەی کوڵمەکەت

لەت لەتە جەرگم بە ژەھری زولفەکەی ڕەشماری تۆ

عەینی بارانی بەھاران خوێن دەڕێژێ دیدەکەم

چەشنی مەجنون شێت و شەیدام من لەبۆ ودیداری تۆ

کارو بارم ھەر گرین و ناڵەو ھاواری یە

چونکە کێشاویە دڵم چاوەکەی سەححاری تۆ

شاھیدی عەشق و جەفایە ڕەنگی زەردو ئاھی سەرد

باعیسی سوتانی دڵمە ڕوومەتی گوڵناری تۆ

سا عیلاجی دەردەکەم کە ئەی تەبیبی عاشقان

نوشداروی زەخمی دڵمە ماچی غونچەی زاری تۆ

وا لە سوتانە دڵی دڵزاری بێ سەبرو قەرار

چەشنی پەروانە بەرامبەر لالەیی ڕوخساری تۆ.

پێشتر كوردستان24 چەند كارێكی رۆژنامەوانی لەبارەی ژیانی دڵزاری شاعیر پەخش و بڵاوكردووەتەوە، لە یەكێك لەو كارانە لەكاتی سەردانی تیمی كوردستان24 بۆ ماڵەكەیان، دڵزار لەگەڵ ھێرۆ مەولودی پەیامنێری كوردستان24 بە دەنگێكی لاواز شیعرەكانی دەخوێنێتەوە.

بەبۆنەی دایگیرساندنی مۆمی 100 ساڵەی ئه‌حمه‌د دڵزاری شاعیر، كوردستان24 دۆكیۆمێنتاریەكی لەبارەی ژیان و بەرھەمەكانی بڵاوكردەوە، كە تێیدا دڵزار باس لە ژیانی تایبەتی خۆی دەكات.