نووسەر و ئەكادیمییه‌كی عەرەب: كورد مافێكی سرووشتی خۆیەتی خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت

داوایه‌ك ئاراسته‌ی سه‌ركرده‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كات

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/dc16a014-e7dd-4f9d-8fe5-f384beb3e68d/pegay%20kurd%20la%20rwangay%20mehmud%20zaid.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

مه‌حموود زاید، نووسەر و ئەكادیمیستی عەرەب، ئەنجامدانی ریفراندۆم، بە مافێكی ڕەوای گەلی كورد دەزانێت و داواش لە بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی دەكات، بەقەد ھاوسۆزیان بۆ گەلی عەرەب، پشتگیری لە گەلی كورد بكەن.

وەزارەتی ڕۆشنبیری بە ناونیشانی (مافە ڕەواكانی گەلی كورد لە ڕوانگەی میسرییەكانەوە) بۆ نووسەر و ئەكادیمیستی عەرەب (مەحموود زاید) له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌خت ڕێكخست.

له‌ كۆڕه‌كه‌دا مه‌حمود زاید گوتی: "كورد مافێكی سرووشتی خۆیەتی خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت".

دۆزی ڕەوای كورد گەیشتووه‌تە ئاستێك، تەنانەت نووسەرانی وڵاتانی عەرەبیش داكۆكی لێدەكەن، مەحمود زاید نووسەر و ئەكادیمیستی میسری، كە بۆ قسەكردن له‌ بارەی كاریگەرییە خراپەكانی رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ لەسەر كورد، ھاتووه‌تە كوردستان دەڵێت: "دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر ئەو رێككەوتنامەیە، پێویستە لەسەر كورد ریفراندۆم بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجام بدات".

مه‌حموود زاید بۆ كوردستان 24 گوتی: "ھەریەك لە ئێمە لە چوارچێوەی پسپۆڕی خۆی كار لەسەر دەرخستنی گەلی كورد دەكات، وەك نەتەوەیەك زیاتر لە سەد ساڵە بە مافی خۆی نەگەیشتووە".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمە بە ھەموو بەرپرس و نابەپرسەكان دەڵێین، ڕاستە سایكس پیكۆ ستەمی لە گەلی عەرەبیش كردووە، بەڵام گەورەترین ستەملێكراو گەلی كوردە، بۆیە بە ھێزێكی زیاتر لە ھاوسۆزیتان بۆ گەلی عەرەب، پشتگیری گەلی كورد بكەن، كە لە ژێر سایكس پیكۆ و جگە لە سایكس پیكۆ ستەمێكی زۆری لێكراوە".

بەرپرسانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ڕێكخستنی ئەو سیمینارانە بۆ ئەو نووسەرە عەرەبانەی داكۆكی لە مافەكانی كورد دەكەن بە گرنگ دەزانن، بەھۆی ئەوەی ڕایەكانیان كاریگەریان بەسەر بیركردنەوەی بەرپرسانی وڵاتەكانیان ھەیە و بریكاری وەزیری ڕۆشنبیری دەڵێت وەزارەت ھەوڵ دەدات نووسەری وڵاتانی دیكەش بێننە كوردستان.

زۆرن لەو نووسەرانەی كورد نین و كەچی بە ڕۆحیەتێكی  كوردانە بەرگری لە مافە ڕەواكانی كورد دەكەن ، مەحمود زایدیش وەك بەشێك لە نووسەرانی دیكە، لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدان بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بەڵام ئەویش نایشارێتەوە، بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە، دەبێت لایەنە سیاسیە كوردییەكان لە نێو خۆیاندا یەكگرتوو بن.

Fly Erbil Advertisment