په‌يه‌ده‌ داوای ھاوکاری سه‌ربازى له‌ ئەمریکا دەکات

بەڵام ھێشتا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر ئەو داواکارییە نەداوە.

K24 – هه‌ولێر:

بەگوێرەی زانيارى میدیاى ئه‌مريكا شاندێکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، سەردانی واشنتنی کردووە، بەمەبەستی داواکردن و رازیکردنی ئیدارەی ئۆباما بۆ دابینکردنی ھاوکاری سەربازی راستەوخۆ بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بۆ رووبەڕووبوونەوە دژی داعش، بەڵام ھێشتا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر ئەو داواکارییە نەداوە.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی ئەمریکا ئەوە ئاشکرا دەکەن کە سینەم محەمەد، نوێنەری پەیەدە لە ئەوروپا، ئەو داوایەی پێشکەش بە ئیدارەی ئەمریکا کردووە، بەڵام ھێشتا بەرپرسانی واشنتن داواکەیان قبوڵ نەکردووە.

ھەروەھا سینەم محەممەد بە بەرپرسانی ئەمریکی راگەیاندووە کە پێویستە نوێنەری پەیەدەش لە دانووستانەکانی جنێڤ تایبەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا، بەشدار بن و دەڵێ: "ئەگەر پەیەدە بەشداری ئەو دانووستانانە نەبێت، کۆبوونەوەکان ئەنجامیان نابێت".