قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وشکەساڵی دەکات

بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش گفتوگۆ دەکرێت

قوباد تاڵه‌بانی  له‌سه‌ر وشكه‌ساڵی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆبووه‌وه‌
قوباد تاڵه‌بانی له‌سه‌ر وشكه‌ساڵی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆبووه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كانی راسپارد بۆ ھە‌ماھە‌نگی كردن بە‌مە‌بە‌ستی كە‌مكردنە‌وە‌ی زیانە‌كانی وشكە‌ساڵی و دانانی پلانی گونجاو بۆ رووبە‌رووبونە‌وە‌ی قه‌یرانه‌كه‌.

رۆژی دووشه‌ممه‌ (26ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2021)، بەسەرپەرشتی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وەزیران و ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و پارێزگارانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و نوێنەرانی وەزارەتەکانی شارەوانی و پلاندانان، کۆبونەوەیە‌كی تایبەت بەشێوازەکانی رووبەڕووبونەوەی وشکەساڵی لەهەرێمی کوردستان بەڕێوە‌چوو.

لە‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا بەووردی باس لەکاریگەرییەکانی كە‌مبارانی و وشكە‌ساڵی لەسەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کرا و پلانی حكومە‌ت و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان بۆ رووبە‌رووبونە‌وە‌ی ئە‌و دیاردە‌یە خرایەڕوو‌.

هەر لەوبارەیەوە و بەمەبەستی کەمکردنەوەى زیانە ئابوورییەکانی وشکەساڵی لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان، بودجەیەکی تایبەت تەرخانکرا و بڕیاردرا کە ئەولەویەت بدرێت ده‌سته‌به‌ركردن و دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاوڵاتییان، هەروەها گرنگی بدرێت بە پڕۆژەکانی کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی.

لەدواى تاووتوێکردنی هەمەلایەنەی شێوازەکانی رووبەڕووبونەوەى ئەم دیاردەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، پێویستی دانانی پلانی گونجاو و تەرخانکردنی بودجەی پێویست دووپاتکرایەوە بۆ دروستکردنی بەنداوی بچووک لەپێناو گلدانەوەى ئاوی باراناو و دواتر سوودلێوەرگرتنەوەى لەبوارى کشتوکاڵیدا.

هاوکات لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ئەم پرسە باس بکرێت بۆ ئەوەی هاوکاربن لەچارەسەرکردنی هەر گرفتێکدا کە رووبەڕووى هەرێم ببێتەوە بەهۆى کاریگەرییەکانی وشکەساڵییەوە.

هەروەها جەخت لەوەکرایەوە، کە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێى کەناڵە دیپلۆماسییەکانییەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەماهەنگی بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی شێوازەکانی بەردانەوەى ئاوی بەنداوەکان بەجۆرێک کە بە‌رژە‌وە‌ندی هەرێمی کوردستان لە‌بە‌رچاو بگیرێت و ئەو بارگرانییە کەمبکاتەوە، کە بەهۆى وشکەساڵییەوە رووبەرووى ناوچەکە دەبێتەوە.

 

د.ی