فەرماندەیەکی هێزەکانی ئەمریکا سەردانی رۆژئاوای کوردستان دەکات
"ئامانجی سەردانەکە ئاگاداربوونە لە هەوڵەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لە دژی داعش"

K24-هەولێر
سەرچاوەیەکی سەربازی ئەمریکا رایگەیاند فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جنراڵ جۆزێف فوتێل دوێنێ شەممە بەنهێنی سەردانی باکووری سووریای (رۆژئاوای کوردستان) کرد بۆ ئاگاداربوون لە هەوڵەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لەنێوان شەرڤانانی کورد و ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە دژی داعش.
ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز لە زاری سەرچاوە سەربازییەکەی ئەمریکا راشیگەیاند: "فوتێل 11 کاتژمێر لە باکووری سووریا مایەوە و چاوی بە چەند بەرپرسێکی خۆجێی و هێزە ئەمریکییە تایبەتەکان کەوت کە لە سووریا بڵاوبوونەتەوە".
جنراڵ جۆزێف فوتێل دوای سەردانییەکەی رایگەیاند: "مەشقپێکردنی هێزە خۆجێییەکان بۆ شەڕکردنی لە دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی بژاردەی درووستە و هاتمەوە و متمانەیەکی زۆرم هەیە بە توانایان بۆ پاڵپشتیکردنمان".
هاوکات نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش برێت مەکگۆرک لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسی: "فوتێل رۆژی شەممە سەردانی سووریای کرد بۆ ئامادەکاری بۆ شەڕی رەققە".
سەردانەکەی فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جنراڵ جۆزێف فوتێل بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان یەکەم سەردانی فەرماندەیەکی سەربازیی باڵای ئەمریکایە بۆ ناوچەکە لە وەتەی ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی دژی داعش لە سووریا دەستپێکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە فەرماندە سەربازییەکان و بەرپرسانی ئەمریکا بە ئاشکرا باس لە نزیکبوونەوەی وادەی یرشکردنەسەر شاری رەققە دەکەن لە باکووری سووریا کە بە پێگەی سەرەکی داعش هەژمار دەکرێت لە سووریا.
ئا: ئا ، ف