زاخۆ.. بەھۆی تۆپبارانی تورکیاوە دوو کەس بریندار بوون

"برینی یەکێکیان سەختە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک کراوە"
گوندی "بھێرێ" لە سنووری ناحیەی دەرکار
گوندی "بھێرێ" لە سنووری ناحیەی دەرکار

K24 - دهۆك:

شەوی رابردوو لە کاتژمێر 2:30 بە ھۆی تۆپبارانی تورکیاوە لە گوندی "بھێرێ" لە سنووری ناحیەی دەرکار، له‌ خێزانێك دوو برا، کە کاری ئاژەڵداری دەکەن، بریندار بوون.

ئەدیب جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار بەکوردستان24ی راگەیاند، بە ھۆی جوڵەی پەکه‌كەوە لەو شوێنانە تورکیا تۆپبارانی ئەو ناوچانە دەکات.

بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار گوتی: "شەوی رابردووش بەو ھۆیەوە دوو برا، کە کاری ئاژەڵداری دەکەن و بەشەو لەو شوێنەی‌ گوندی "بھێرێ" دەمێننه‌وه، تۆپێک لە نزیک ئەوان کەوتووەته‌وه‌ و ھەردووکیان بریندار بوون و برینی یەکێکیان سەختە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک کراوە و ئەوی دیكه‌شیان برینه‌كه‌ی سووکە".

گوتیشی: "بە ھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان پەکەکە و تورکیاوە، رۆژانە گوندەکانی سنووری ئێمە تۆپباران دەکرێت و رێگەی نزیکەی 20 گوندی کرستیان و موسڵماننشینیش بەو ھۆیەوە داخراون.

دوێنێش بەهۆی تۆپبارانی تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ، هاووڵاتییەک برینداربوو، گوندێکی دیکەی ناوچەکەش چۆڵکرا.

 

د.ی